پارێزگاری نەجەف بۆ رووداو: ئەم ساڵ دەست بە چاندنی برنجی عەنبەر دەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نەجەف کە بە برنجی عەنبەر بەنێوبانگە و سەرچاوەی داهاتێکی زۆر بوو بۆ پارێزگاکە، بە گوتەی پارێزگاری نەجەف، وشکەساڵی ئەو داهاتەی لێسەندوونەتەوە و لە داهاتی زیارەتکارانیش بێبەشن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026 یوسف کناوی، پارێزگاری نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو زیارەتکارانەی سەردانی نەجەف دەکەن، داهاتەکەی بۆ کەرتی تایبەتە، "زیارەتکارە بیانییەکان حکومەتی فیدراڵی سوود لە داهاتەکەیان دەبینێت، ئێمە نەک داهاتەکە وەرناگرین، بەڵکو خەرجییەکی زۆریش دەکەین."
 
شاری کۆن ئەو بەشەی نەجەفە کە لە دەوری مەزارگەی ئیمامی عەلی دروستکراوە و تایبەتمەندییەکی مێژوویی و کەلەپووریی هەیە. ئەو شارە مەڵبەندی "حەوزەی زانستی"یە، کە یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین قوتابخانە ئایینییەکانی جیهان.
 
پارێزگاری نەجەف گوتی، "چەندین هەنگاومان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری کۆن ناوە و پڕۆژەی جیاوازمان تێدا کردووەتەوە، بەڵام ناتوانین دەستکاری هەموو شوێنێکی شارەکە بکەین، چونکە بەشێکە لە مێژووی نەجەف."
 
برنجی عەنبەر بە "شای برنجی عێراقی" دادەنرێت و ناوبانگێکی جیهانیی هەیە، بەشی زۆری ئەو برنجە ساڵانە لە قەزای مەشخەب و ناوچەی مەنازیرەی نەجەف بەرهەمدەهێنرێت و بۆ ئاودانیشی پشت بە رووباری فورات دەبەسترێت.
 
بە گوتەی یوسف کناوی، بەهۆی وشکەساڵی و کەمبارانییەوە وەرزی رابردوو برنجی عەنبەر لە پارێزگاکەیاندا نەچێندراوە و هیچ بەرهەمێکیان نەبووە.
 
چاندنی برنجی عەنبەر لە پارێزگای نەجەف لە ناوەڕاستی مانگی ئایار دەستپێدەکات و تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
 
پارێزگاری نەجەف گوتی، "هەوڵ دەدەین بۆ ئەم وەرزە بە پاڵپشتی حکومەتی فیدراڵی دەست بە چاندنەوەی بکرێت."