لە کەربەلا 'سەگێکی هار' هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێک
رووداو دیجیتاڵ
سەگێکی هار لە قەزای هیندیەی سەر بە پارێزگای کەربەلا هێرشی کردە سەر ماڵێک کە خێزانێکی تێدا بووە، بەهۆیەوە خاوەنی ماڵەکە بریندار بوو. بەرگریی شارستانیی کەربەلا خێزانەکە رزگار دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەربەلا، رۆژی چوارشەممە 14-01-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانیان لە بوونی رووداوێکی کتوپڕ لە قەزای هیندیە ئاگادارکرانەوە، کە سەگێکی هار هەڵیکوتایە سەر ماڵێک.
بەرگریی شارستانیی کەربەلا ئاماژەی بەوە کرد، سەگەکە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی ئەندامانی خێزانەکە و ناچاری کردوون لە ژوورێکدا نەیەنە دەرەوە. تیمەکانی رزگارکردن دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان ئەندامانی خێزانەکە بە سەلامەتی رزگار بکەن و بیانهێننە دەرەوە.
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پار نزیکەی 50 هەزار رووداوی گازگرتنی سەگ لە سەرانسەری عێراق تۆمار کران، کە بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکان و تووشبوون بە نەخۆشیی هاری، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە."
عودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا رایگەیاند، پار تەنیا لە ماوەی 11 مانگدا لە رێگەی 1523 هەڵمەتەوە، 19 هەزار و 325 سەگی بەڕەڵڵایان بە "تفەنگی تاپڕ" لەنێوبردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی تووند دەدات لەوەی گازگرتنی سەگ تەنیا برینداربوونێکی سادە نییە، بەڵکو دەکرێت بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوە مەترسیی گەورە دروست بکات و دەڵێت، "نەخۆشیی هاری کوشندەیە؛ هەرچەندە شوێنی گازگرتنەکە لە سەر و دەموچاو بێت، مەترسییەکە گەورەتر دەبێت، بۆیە دەبێت بە زووترین کات ڤاکسین وەربگیرێت."