مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی ئەنبار دەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی ئەنبار دەرکرد.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە عومەر مشعان دەبووس، پارێزگاری نوێی ئەنبار کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار مەرسوومی کۆماریی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری نوێ رادەستی عومەر مشعان دەبووس کرد، تاوەکو بە فەرمی ببێتە پارێزگاری ئەنبار.
ئەندازیار عومەر مەشعان دەبووس فەرحان زیابی، یەکێکە لە سەرکردەکانی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی. پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بوو و وەکو ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، دەستی لەکار کێشایەوە.
هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دوای ئەوە هات محەممەد نووری کەربوولی، پارێزگاری پێشووی ئەنبار، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.