مالیکی بۆ ئەمریکا: بونیاتنانی دەوڵەتی بەهێز بەوە دەکرێت چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند، بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر، پێویستی بەوەیە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، نووری مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا بە شاندی ئەمریکی راگەیاندووە: "هێزە نیشتمانییەکان رژدن لەسەر تەواوکردنی بەرکەوتە دەستوورییەکان بەگوێرەی ئەو وادانەی لە دەستووردا دیاریکراون."
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق، مالیکی جەختی لەوە کردووەتەوە: "بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر پێویستیی بەوەیە چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت و سەروەریی یاسا بەهێز بکرێت."
 
ئەم قسانەی مالیکی لەکاتێکدایە، سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و بەشدارینەکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حکومەتی نوێی عێراق، یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئیدارەی ئەمریکا.
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، مالیکی خواستی عێراقی دەربڕیوە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری و بونیاتنانی پەیوەندیی بەهێز و هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەش لە رێگەی "کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە نێوان هەردوو وڵاتدا."
 
لەلایەن خۆیەوە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا هیوای خواستووە کە کار بکرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان بەغدا و واشنتن، بەجۆرێک کە رۆڵ ببینێت لە پاڵپشتیی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.