پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پێنج پڕۆژەیاسا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
کاژێر 11ی ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پێنج پڕۆژەیاسا دەکات.
 
بەرنامەی کاری دانیشتنەکە پێنج بڕگەی لەخۆگرتووە و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوو پڕۆژە یاسا دەکرێن کە بریتین لە دەستکەوتنی زانیاری و هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەی ژمارە 1018ی ساڵی 1982 و 554ی ساڵی 1983.
 
هەر لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ سێ پڕۆژە یاسای دیکە دەکرێن کە بریتین لە پڕۆژە یاساکانی تۆمارکردنی لەدایکبوون و مردن؛ پەسندکردنی هەمواری هەردوو مادەی 50 و 56ی رێککەوتنی فڕۆکەوانیی مەدەنی نێودەوڵەتی ساڵی 1944 لەلایەن عێراقەوە؛ هەموارکردنی یەکەمی یاسای دەستەی داواکاری خاوەندارێتی ژمارە 13ی ساڵی 2010.
 
سەبارەت بە هەموارکردنی یەکەمی یاسای دەستەی داواکاری خاوەندارێتی، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو لیژنەی یاسایی دوو بۆ چوون هەیە؛ بۆچوونێک لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەستەکەیە و بۆچوونێکی دیکەش لەگەڵ درێژەدانە بە کارەکانی دەستەکە تاوەکو کەیسەکانی بەردەستی یەکلایی دەکاتەوە و دواتر دەستەکە هەڵدەوەشێتەوە.