گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: وەڵامەکەی ترەمپ ئاماژەیەکی ئەرێنییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رووداو کۆتایی بەو "تەمومژە" هێنا کە لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبوو. ئاماژە بەوەش دەدات، لێکتێگەیشتن لەنێوان نووری مالیکی و سەرۆک بارزانی دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی شەوی رابردووی تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ رووداو لەبارەی مانەوەی ڤیتۆ لەسەر نووری مالیکی بە "پەرەسەندنێکی جۆری" ناوبرد و گوتی، "ترەمپ بە روونی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان خوێندنەوە بۆ بژاردەکان دەکەن و بیرۆکەیان هەیە. ئەو قسانە پەرەسەندنێکی جۆرییە لە گۆشەنیگای ئەمریکاوە بەرامبەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، ئەو گوتەیەی ترەمپ "ئاماژەیەکی ئەرێنییە" لەبارەی پرسی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو لە ترەمپی پرسی کە ئایا هێشتا ڤیتۆی لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە."