هاتووچۆی عێراق 90 رۆژ مۆڵەت دەداتە خاوەن ماتۆڕسکیلەکان
رووداو - دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق بڕیاری دا 90 رۆژ مۆڵەت بداتە خاوەنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی بە شێوەیەکی یاسایی هاوردە کراون، بۆ ئەوەی تۆماریان بکەن. بڕیارەکە لە سبەی یەکشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14-02-2026، عەمید نەسیر عەبدولستار، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ رێکخستنی سیستمی هاتووچۆی ماتۆڕسکیلەکان لە عێراق و تۆمارکردنیان بەشێوەیەکی یاسایی، فەریق عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ بڕیاری داوە بە پێدانی مۆڵەتی 90 رۆژ بە خاوەن ماتۆڕسکیلەکان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، مۆڵەتەکە لە سبەی 15-02-2026 دەستپێدەکات تاوەکو 03-06-2026 و ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی هێنراونەتە عێراق، یان لە زیادکردنی ئاشکرا دا فرۆشراون.
عەمید نەسیر عەبدولستار ئاماژەی بەوەش دا ، خاوەن ماتۆڕسکیلەکان دەبێت لەو ماوەیە دا سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی بەغدا و پارێزگاکان بکەن، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی تۆمارکردن و بەستنی تابلۆکانیان.
سەبارەت بە سزای سەرپێچیکاران، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی عێراق دەڵێت: "هەر کەسێک سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، بە 200 هەزار دینار سزا دەدرێت و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەشیدا دەگیرێت."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا ئامارێکی دروستی ژمارەی ماتۆڕسکیل لە عێراق نییە، بۆیە ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ رێکخستنیان.