دوو کچ لە ماڵەکەیاندا لە نەجەف بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی نیدای شاری نەجەف ئاگر لە ماڵێکدا کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا. لەکاتی رووداوەکەدا دایک و باوکی منداڵەکان لە ماڵەوە نەبوون و دەرگای ماڵەکەیان داخستووە، بەو هۆیەشەوە منداڵەکان نەیانتوانیبوو خۆیان دەرباز بکەن.
 
ماهر عەبوودی، گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف، رۆژی شەممە، 14ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ روویداوە و "قوربانییەکان دوو کچن و تەمەنیان 5 ساڵ و 7 ساڵە، مۆمیان داگیرساندووە و بەهۆیەوە ئاگرەکە کەوتوەتەوە". 
 
بەگوتەی گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف، "دایک و باوکی منداڵەکان کێشەیان هەبووە. دایکیان تۆراوە و ماڵەوەی جێهێشتووە و باوکیشیان ئەو کات چووەتە دەرەوە و دەرگای لەسەر منداڵەکان داخستووە".
 
نەواس سەباح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە بەهۆی کەمتەرخەمی دایک و باوکەکە بووە. درەنگ هەواڵەکە بە بەرگری شارستانی گەیشتووە و کاتێکیش گەیشتوونەتە شوێنەکە، دەرگای ماڵەکە داخرابوو، بۆیە شکاندنی کاتی زۆری ویست و تیمەکان نەیانتوانی رزگاریان بکەن".