هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە لێواری شارۆچکەی هیت

 رووداو ـ هەولێر

ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە پارێزگای ئەنبار بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی هیت و هەموو ئەو ناوچانەی هێشتا بەدەست داعشەوەن بەردەوامە، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری شارۆچكەكەش، بەتایبەتی ناوچەی محەممەدیە لە رۆژئاوای ئەنبار و كوژرانی دەیان چەكداری داعش، ئێستا هێزە ئەمنییەكان گەیشتوونەتە لێواری شارۆچكەكە.

سەرچاوە ئەمنییەكان لە ناوچەكە رایانگەیاند، دوای پێشڕەویكردنی هێزە ئەمنییەكان بەرەو شارۆچكەی هیت و شارەدێی كوبەیسە، شەپۆلی ئاوارەبوونی خەڵكی لەو ناوچەیە دەستیپێكرد، ئەمەش سەرەڕای هەڵدانی بڵاوكراوە بۆ هۆشیاركردنەوەی دانیشتوانی ئەو دوو ناوچەیە.

شارۆچكەی هیت گرنگی تایبەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەیە، چونكە بە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچەیە رێگەی نێوان بنكەی ئاسمانی ئەسەدی و شاری روومادی دەكرێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە   گەمارۆ لەسەر شارۆچكەی حەدیسە و شارەدێی بەغدادی لە رۆژئاوای ئەنبار هەڵوەشاوەتەوە كە زیاتر لە ساڵێكە لەلایەن داعش گەمارۆدراوە.