رێبوار تەها: زۆرینەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکە باسی لێوە کراوە، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە. پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە دەڵێت، زۆرینەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندا نین و جەخت لە هەڵبژاردنی پێشوەختیش کراوەتەوە.
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات نەکرێت، بە گوتەی ئەو "کۆمیسیۆن دەڵێت توانای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە دەرەوەی وڵات نییە".
وەکو پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت کە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 بۆ بەڕێوەچوونی دیاریکراوە، "فراکسیۆنەکانیش پشتگیریی ئەوە دەکەن، هەرچەندە لەپشت ئەمەوە لەوانەیە باسێکی دیکەش هەبێت"، کە مەبەستی لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە، رێبوار تەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و قسە لەسەر دوو ماددە دەکەن کە ناکۆکییان لەسەرە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکە نەکرێت، پەرلەمانتارەکەی یەکێتیش دەڵێت "پێموایە دوادەکەوێت، رەنگە سبەینێ [پرۆژەیاساکە] نەخرێتە ئەجێندای دانیشتنەکەوە، هەندێک بۆچوونی وا دروستبووە کە لە ئەجێندای دانیشتنی سبەینێ نەبێت. هەرکاتێکیش خرایە ئەجێندای دانیشتنەوە، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە حکومەتەوە بۆمان هاتووە و پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە".
بە گوتەی رێبوار تەها، هەوڵێکی جیددی هەیە بۆئەوەی سبەینێ کۆتایی بە پرسی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی بهێندرێت و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو مەبەستەیە.