هێرشکرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا و دەنگۆی کوژرانی سەرکردەیەک هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە بەغدای پایتەخت بیستران، دواتر دەنگۆی کوژرانی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەوە.
دەنگی تەقینەوەکان لە ناوەند و رۆژهەڵاتی بەغدا بیستراون، باس لەوە دەکرێت کە کەسایەتییەکی دیاری ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی "عەرەسات" ئامانجی بۆردوومانەکە بووبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشێکی ئاسمانی ماڵێکی لە بەغدا کردووەتە ئامانج، کە باس لەوە دەکرێت بارەگای یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بووە. زانیارییە سەرەتاییەکانیش باس لە کوژراو و بریندار دەکەن.
رووداو پەیوەندیی بە بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە کرد و گوتی، "حەشدی شەعبی چواردەوری شوێنە بۆردوومانکراوەکانیان گرتووە و زانیاری بە ئێمەش نادەن."
تاوەکو ئێستا نە حەشدی شەعبی و نە لایەنە فەرمییەکانیش ناسنامەی ئەو کەسانەیان ئاشکرا نەکردووە، کە لە هێرشەکەی بەغدا بوونەتە قوربانی، بەڵام بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی سەر بە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆزیان پۆست کردووە، کە ئاماژەن بۆ مردن. لەوانەش ئایەتی (ولا تحسبن الذین قتلوا في سبل اللە امواتا بل احیا عند ربهم یرزقون).