بەهۆی مەترسیی لافاو سبەی لە پارێزگای نەینەوا کرایە پشوو

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای نەینەوا بڕیاریدا سبەی یەکشەممە لە تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت لە پارێزگاکەدا بکاتە پشووی فەرمی، ئەوەش بەهۆی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ بارینی بارانێکی زۆر و بەخوڕ.
 
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، دیوانی پارێزگای نەینەوا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئاگاداربوون لە راپۆرتی کەشناسی کە ئاماژە بە بارانێکی بەخوڕ لە سنووری پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ دەکات، بڕیاردرا سبەی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگاکەدا بکرێتە پشووی فەرمی.
 
پارێزگای نەینەوا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و داوایان لێدەکات، "بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان، پێویستە زیاتر وریابن و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە."
 
ئەم بڕیارەی پارێزگای نەینەوا دوای ئەوە دێت کە راپۆرتی کەشناسیی عێراق هۆشداریی لە دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچە نزمەکانی نەینەوا داوە.