گەشتی ئاسمانی لە قاهیرە و نیودەلهییەوە بۆ گەڕانەوەی عێراقییە گیرخواردووەکان دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە رۆژانی 15 بۆ 18ی ئەم مانگە، چەند گەشتێکی ئاسمانی لە شارەکانی قاهیرە و نیودەلهییەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە رێک دەخات کە لە میسر و هیندستان گیریان خواردووە. گەشتەکان لەو دوو شارەوە بۆ سعودیە دەبن و پاشان لەوێوە بە رێگەی وشکانی دەگەڕێندرێنەوە نێو عێراق.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 14ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتەکان لەسەر داواکاریی ئەو هاووڵاتییانەیە کە بەهۆی دۆخی ئێستاوە لە دەرەوەی وڵات گریان خواردووە و دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن سوومەند بن".
 
سەبارەت بە وردەکاریی گەشتەکان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "پلانی کارکردنەکە لەلایەن شانەی قەیرانەکانەوە پەسند کراوە و 6 گەشتی ئاسمانی لەخۆدەگرێ؛ 2 گەشت لە قاهیرەی پایتەختی میسر و 4 گەشت لە نیودەلهی پایتەختی هیندستانەوە بۆ سعودیە دەبن."
 
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەش کرد، گەشتەکان بە خۆڕایی نییە و دوای گەیشتنی هاووڵاتییانیش بۆ سعودیە، ئیدی بە رێگەی وشکانی و لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە دەگەڕێندرێنەوە نێو عێراق.
 
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە، تەنیا رێگەی هاتووچۆ لەگەڵ دەرەوە وشکانییە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راشیگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە تەواوی تیمە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە مرۆییە لە ئامادەباییدایە و داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، سەردانی نووسینگەکانی کۆمپانیاکە یان باڵیۆزخانەکانی عێراق لە قاهیرە و نیودەلهی بکەن بۆ تۆمارکردنی ناو و تەواوکردنی رێکارەکانیان.