وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: هەناردەی گازی ئێران نزیکەی سێ هێندە زیادیکردووە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دۆخی کارەبای وڵات جێگیرە و رایدەگەیێنێت، قەبارەی هەناردەی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی کارەبا بۆ نزیکەی سێ هێندە زیادیکردووە.
 
رۆژی شەممە، 14ی ئاداری 2026، ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا سیستمی کارەبای عێراق بە شێوەیەکی جێگیر کار دەکات، بەهۆی مامناوەندیی پلەکانی گەرماوە، کۆنترۆڵی تەواو کراوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنان بەباشی کار دەکەن."
 
سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە لە 6 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 16 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی کارکردنی وێستگەکانی "بسمایە" و "مەنسووریە" بە تەواوی توانای خۆیانەوە. هەروەها جەختی لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆییش کردەوە بۆ کارپێکردنی وێستگەکان.
 
لە 24ی کانوونی دووەمی 2025، ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق راگرت، بەڵام لە 26ی شوباتی 2026 هەناردەکردنی گازەکە بە بڕی 7 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا دەستیپێکردەوە.
 
عێراق بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران و گازی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی دەبەستێت. هەر جۆرە پەککەوتنێک لەو سەرچاوانەدا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان.
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 20 هەزار مێگاواتە و لە وەرزی گەرمادا پێویستییان بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات کارەبایە.