لە شارەبان و حەمرین دوو کەس کۆتاییان بە ژیانیان هێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارەبان و حەمرین، دوو کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ لە دیالە خۆیان کوشتووە، گەیشتە نۆ کەس.
 
عەقید هيشام سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگاری دیالە رۆژی یەکشەممە 14ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ شەممە دوو رووداوی خۆکوشتن لە پارێزگای دیالە تۆمار کراون، یەکێکیان لە شارەبان و ئەوەی دیکەیان لە حەمرین بووە.
 
عەقید هيشام سەلمان گوتیشی، ئەوەی شارەبان ناوی عوسمان عەبد-ە، لەدایکبووی 2005ـە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە، خۆی هەڵواسیوە؛ هەروەها ئەوەی حەمرین ناوی عەباس-ە لەدایکبووی 2000ە و باری دەروونیی تەواو نەبووە، لە رێگەی نارنجۆکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، هەردووکیان بە نەتەوە عەرەب-ن.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگاری دیالە ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا نۆ رووداوی خۆکوشتن لە پارێزگای دیالە تۆمارکراون.