عێراق گرێبەستی لەگەڵ 4 کۆمپانیای جیهانیی تایبەت بە سەرژمێری کردووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیای جیهانیی تایبەت بە کردنی سەرژمێری کردووە و دوویان ئەمریکی و چینین، کۆمپانیاکانیش دەستبەکاربوون.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 14ی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی پلاندانان لە رێگەی دەستەی ئامار و سیستمی جوگرافی، گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیای جیهانی تایبەت بە سەرژمێریی کردووە، کە کۆمپانیاکان ئەمریکی، فینلەندی، کەنەدی و چینی-ن.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتی، هەر یەکێک لەو کۆمپانیانە ئەرکێکی سەرەکی سەرژمێرییە، یەکێک لەو کۆمپانیانە تابلێتی سەرژمێرییەکە دابین دەکات کە 120 بۆ 130 هەزار تابلێت دەبێت بۆ کردنی سەرژمێری، کۆمپانیایەکی دیکە سەنتەری زانیارییەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێریی دروست دەکات، کۆمپانیای سێیەم سەنتەری گەیاندن دروست دەکات، کۆمپانیای چوارەمیش پرۆگرام و ئەپلیکەیشنی پرۆسەی سەرژمێریی ئەلیکترۆنی دروست و ئامادە دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان، هەریەک لەو کۆمپانیانە راستەوخۆ دەست بەکاربوونە، بەپێی خشتەی کات، ئیش و کارەکانیان بۆ سەرژمێریی دەکەن، کە چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی سەرژمێریی لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەبچێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، دەشڵێت، لەو ماوەیەدا زۆر کار و پێویستی ماون، کە خوازیارن لە رێگەی ئەو کۆمپانیانە و کارمەندەکانیان لە دەستەی ئامار و سیستمی جوگرافی تەواو بکرێن لەوانە: ژمارە دانان، سەرژمێریی ئەزموونی، راهێنان بەوانەی پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن، لەگەڵ زۆر بابەتی دیکەی تەکنیکی، کارگێڕی، لۆجستی و دارایی.