گوتەبێژی حکومەتی عێراق: بڕیاری دادگەی فیدراڵی [لەبارەی مووچە] بۆ هەموو لایەک پابەندکەرە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، لەبارەى مووچەوە بەرپرسانى حکومەتەکەى رێککەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان واژۆکردووە و هیواى خواست ئەو رێککەوتنانە بەشێوەیەکى دروست جێبەجێ بکرێن و دەڵێت: "دۆستێکى باشتان لەبەغدا هەیە و بەدەنگتانەوە دێت."
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى هەیە بۆ بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى، بۆیە ئەو بڕیارە جێگەى پابەندییە بۆ هەموولایەک، بۆ ئێمە لە بەغدا و بۆ ئێوەش لە هەرێمى کوردستان، بەرپرسانى حکومەتى عێراقى رێککەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان واژۆ کردووە و بە ویستى خوا ئەو رێککەوتنانە بەشێوەیەکى دروست جێبەجێ دەبن."
 
رۆژی شەممە، 13ـی نیسان محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت؛ بڕیارە سبەی دووشەممە، 15ی نیسان بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە. 
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەبارەى ئەجێنداى سەردانى ئەو شاندەوە راگەیاند، ئەو سەردانە بۆ کاراکردنەوەى رێککەوتنى ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتە و سەردانەکە ئەمنى و سەربازى نییە.
 
باسم عەوادى گوتی: "سەردانەکە ئابووری و وەبەرهێنانى رەهایە تاوەکو پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا بگەیێنینە پەیوەندییەکى دووقۆڵى روونتر لەوەى کە پێشتر هەبووە".
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەى بەوەدا کە هەڵبژاردنەکە کاریگەرى لەسەر دۆخى دیموکراسیی عێراق و پرۆسەى ئاڵوگۆڕى ئاشتییانەى دەسەڵات دەبێت و سازان هەیە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکە لە وادەى خۆیدا بکرێت.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆک بایدن چی دەبێت کە بەنیازن بەیانی لە کۆشکی سپی گفتوگۆی لەسەر بکەن؟
 
باسم عەوادى: بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان، ناونیشانى روون و بنەڕەتى ئەو سەردانە بەدڵنیاییەوە کاراکردنەوەى رێککەوتنى ستراتیژییە، پەیوەندى سەربازى و ئەمنى دۆسیەى گرنگن لە سرووشتى پەیوەندى نێوان عێراق و ئەمریکا لە دواى ساڵى 2003 تاوەکو ئەمڕۆ، چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنى عێراقى و ئەمریکى رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵاى هاوبەش بۆ تاوتوێکردنى داهاتووی ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عێراق، ئەنجامەکان تەنها پەیوەستن بە کارى ئەو لیژنەیەوە، سەرکردایەتى هەردوو وڵات چاوەڕێى ئەنجامى ئەو گفتوگۆ پیشەگەرە ئەمنییە رەهایەن، ئەم سەردانە، سەردانێکى ئەمنى و سەربازى نییە، بۆیە هیچ بەرپرسێکى ئەمنى و سەربازى لەنێو شاندى یاوەرى سەرۆکوەزیراندا نییە، سەردانەکە بۆ کاراکردنى رێککەوتنى ستراتیژییە کە حەوت لایەنى گرنگە، ئابوورى، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، ژینگە، خوێندن، کەشوهەوا و چەندین دۆسیەی دیکە، وەک گوتم سەردانەکە ئامانجى سەرەکى ئەمنى و سەربازى نییە، بەڵکو ئابووری و وەبەرهێنانى رەهایە تاوەکو پەیوەندى عێراق و ئەمریکا بگەیێنینە پەیوەندییەکى دووقۆڵى روونتر لەوەى کە پێشتر هەبووە.
 
رووداو: هەموو سەرۆک و سەرۆکوەزیرانێک بانگێشتی کۆشکی سپی ناکرێت، ئەمە سەردانێکی زۆر گرنگی سەرۆکوەزیران سوودانییە بۆ کۆشکی سپی. سەرۆکوەزیران دەیەوێت چ شتێک بەدەستبهێنێت لە کۆبوونەوەکەی بەیانی لەگەڵ سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی؟
 
باسم عەوادى: وەک گوتم، حکومەتى بەڕێز محەممەد شیاع سوودانى، بەشێوەیەک لە پەیوەندى لەگەڵ ئەمریکا دەڕوانێت کە پەیوەندییەکى ستراتیژییە و ئەمریکا هاوپەیمانێکى ستراتیژییە بۆ عێراق. عێراق بەڕێزەوە لەو پەیوەندییە دەڕوانێت و هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانى ئەو دۆستایەتییە، وەک گوتم، دەمانەوێت ئەم  پەیوەندییە لە سرووشتێکى ئەمنى و سەربازییەوە بهێنینە دەرەوە، کۆمپانیاى ئەمریکى گەورە هەن کە لەناو عێراق کاردەکەن و کۆمپانیاى دیکە هەیە کە دەیەوێت کار بکات، سەقامگیرى لە عێراق لە ماوەى ساڵ و نیوى رابردووى حکومەتى بەڕێز سەرۆکوەران هیوایەکى زۆرى دا بە سەقامگیریى ناوچەکە بە شێوەیەکى راستەقینە، بۆیە لایەنى سیاسی و داهاتووی سیاسی عێراق ئەوەیە کە پەیوەندى عێراق و ئەمریکا فراوانتر بکەین لەوەى لە ئاڵنگارى  ئەمنیدا بژین. ئابوورى، وەبەرهێنان، بانک، پارە، جووڵەى سەرمایە، تەکنەلۆژیا، پیشەسازى، کشتوکاڵ، ژینگە، کەشوهەوا و وزەى نوێبووەوە، هەموو ئەوانە دۆسیەى گرنگن،  کە ئەمریکا و سەرۆکى ئەمریکا ویستوویانە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانى عیراق باسی بکەن و عێراقیش دەیەوێت لە چوارچێوەى رێککەوتنى ستراتیژى کاراى بکات، بۆیە کارنامەکە چڕە، دیدارەکە گۆڕانکارییەکى گەورەى دەبێت لە پەیوەندى نێوان عێراق و ئەمەریکا لەوەتەى دامەزراوە تاوەکو ئێستا. 
 
رووداو: لە چەند سەرکردەیەکی عێراقی لەوانەش سەرۆکوەزیران گوێمان لێبووە کە ئێوە بەنیازن کاتێک دابنێن بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. بەم دواییانە هەڤپەیڤینم لەگەڵ گوتەبێژی پێنتاگۆن کرد و پێی گوتم کە هیچ داواکارییەکیان لەلایەن عێراقەوە پێنەگەیشتووە، ئایا بەنیازن لە کاتی چاوپێکەوتنتان بە وەزیر ئۆستن و وەزیر بلینکن و سەرۆک بایدن داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا بکەن؟ ئایا هەڵوێستی گشتیی حکومەتی عێراقی چییە لەسەر مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق؟
 
باسم عەوادى: وەک گوتم، سەردانەکە سەربازى و ئەمنى نییە، بۆیە لە نێو شاندى یاوەرى سەرۆکوەزیران هیچ بەرپرسێکى  سەربازى ئەمنى تێدا نییە، سەرجەم بەرپرسانى نێو شاندەکە بەشێکن لە حکومەت، ئابوورى، وەبەرهێنان، وزە، کشتوکاڵ و خوێندن و بەوشێوەیە، پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى پێشتر سازانى لەسەر کراوە و لێژنەی باڵاى ئەمنى هاوبەش پێکهێندراوە، لێژنەکە سێ کۆوبونەوەى کردووە، کۆبوونەوەى دیکەش دەبێت، بەر لە چەند رۆژێک لەسەردانى سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن کۆبوونەوەیەکى دیکەیان کرد، بۆیە ئەو کارە لەرێگەى ئەو لێژنە ئەمنییە باڵایەوە جێبەجێدەکرێت، ئەوەى کە ئەو لێژنەی ئەمنییە باڵایە بڕیارى لێ دەدات بەو پێیەى کە لێژنەیەکى سەربازى  پیشەگەرانەیە کە کەسانى سەربازى پیشگەرى تێدایە، هەردوولایەنى ئەمریکى و عێراقى پابەند دەبن پێوەى، بۆیە وەک گوتم، سەردانەکە بۆ لایەنى ئەمنى و سەربازى نییە، بەڵکو بۆ کاراکردنەوەى بەندەکانى رێککەوتنامەى چوارچێوەى ستراتیژییە.     
 
رووداو: لەبارەی هەرێمی کوردستان و ئەو رێککەوتنانەی کردووتانە لەبارەی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنەکان چۆن دەبینن؟ دەتوانن دڵنیاییەک بدەنە مووچەخۆرانی کوردستان کە لە داهاتوودا هەموو مانگێک مووچەی خۆیان وەردەگرن؟
 
باسم عەوادى: بەدڵنیاییەوە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى هەیە بۆ بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى، بۆیە ئەو بڕیارە جێگەى پابەندییە بۆ هەموولایەک، بۆ ئێمە لە بەغدا و بۆ ئێوەش لە هەرێمى کوردستان، بەرپرسانى حکومەتى عێراقى رێککەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان واژۆ کردووە و بە ویستى خوا ئەو رێککەوتنانە بەشێوەیەکى دروست جێبەجێ دەبن. ئەوەى دەمەوێت بیلێم و پێشتر گوتوومە و جەختى لێ دەکەمەوە ئەوەیە کە حکومەتى فیدراڵى بەغدا بەشێوەیەک لە هاووڵاتییانى کورد دەڕوانێت کە هاووڵاتى پلە یەکن و جیاوازى ناکات لە نێوان هاووڵاتییان لە هەرێمى کوردستان بێت یان لە ناوەڕاست یان باشوور، هەموویان هاووڵاتیى عێراقین، ئەوەى حکومەت لە توانایدا بێت دەیکات و هاوکار دەبێت لە کۆتاییهێنان بە کێشەى هاووڵاتییان لە مووچە و کارەبا و وزە و بژێوى و دوودڵ نابێت لە راکێشانى دەستى هاوکارى بۆ هاووڵاتییان بە دیاریکراوى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، هەندێکجار ئەگەر هەیە کە چەند پرسێکى دەستووری و تەکنیکى هەبن کە ئەو پرسە دوا دەخەن، بەڵام برایانمان لە هەرێمى کوردستان باش لە نیەتى حکومەت و سەرۆکوەزیران دەزانن، کە لەگەڵ جێبەجێکردنى هەموو یاسا دەستووری و یاساییەکان و  بەدەنگەوەهاتنى هەموو داواکارییەکان و کێشەکانى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانە، بۆیە دۆستێکى باشتان لەبەغدا هەیە و بەدەنگتانەوە دێت.
 
رووداو: هیچ لێدوانێکتان لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەیە کە بڕیارە لە 10ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت؟
 
باسم عەوادى: بەدڵناییەوە هەرێمى کوردستان بەشێکى رەسەنە لە عێراق، هەڵبژاردن کاریگەرى لەسەر دۆخى دیموکراسی لە هەموو  عێراق و لە هەرێمى کوردستان و پرۆسەى ئاڵوگۆڕى ئاشتییانەى دەسەڵات دەبێت، هەروەها ئاوێنەى گرنگى بەشدارى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانە لە دروستکردنى بڕیارى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى سیاسیى لە هەرێمى کوردستان بەشێکە لە پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى سیاسی لە بەغدا، بۆیە چەند سازان هەبێت کە بە ویستى خوا هەیە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا بکرێت، وێنەیەکى درەوشاوە بە هەرێمى کوردستان دەدات ئەوەش کاریگەرى ئەرێنى دەبێت لەسەر دۆخى عێراق بەگشتى.