وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەنگۆی دزەپێکردنی زانیارییەکانی سەرژمێری رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دزەپێکردنی زانیارییەکانی سەرژمێریی گشتی و فرۆشتنیان لە "دارک وێب" دەکەن و رایدەگەیێنێت، هەموو داتاکان بە تەواوی پارێزراون.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، رۆژی سێشەممە 14-04-2026 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پەیجی سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییەکانی سەرژمێری، دوورن لە راستییەوە و هیچ داتایەک هاک نەکراوە یان نەدزراوە.
وەزارەتی پلاندانان روونیکردەوە کە داتاکانی سەرژمێری پاراستنێکی ئەلیکترۆنیی زۆر بەرزیان هەیە، چونکە لەناو تۆڕێکی ناوخۆیی داخراودا بەڕێوەدەبرێن کە پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە نییە، ئەمەش وادەکات هاککردنیان مەحاڵ بێت.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە هەموو ئەو ئامێرە لوحییانەی (تابلێت) لە پرۆسەی سەرژمێریدا بەکارهێنراون، لەژێر رێکاری تەکنیکیی ورددا بوون. تیمە پسپۆڕەکان یەکەکانی میمۆرییان دەرهێناوە و چەندین جار ئامێرەکانیان فۆرمات کردووەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ دۆخی کارگە، بۆیە گەڕاندنەوەی هیچ زانیارییەک لەو ئامێرانەوە کارێکی ئەستەمە.
وەزارەتی پلاندانان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی عێراق کە زانیارییەکانیان بە تەواوی پارێزراوە و بە هیچ شێوەیەک دەستی کەسیان پێناگات. دەشڵێت، "ئەو هەواڵانەی بڵاودەکرێنەوە تەنیا زانیاریی چەواشەکارانەن و هیچ بنەمایەکیان نییە."