ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەردەوامیی جێبەجێکردنی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات تاوتوێ دەکات و چەند بڕیارێک لە بوارەکانی چاکسازیی بانکی، زیادکردنی داهات و کەرتی تەندروستی دەردەکات. 
 
بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، رۆژی سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 15یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات باس کراوە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی درا بانکی رەشید گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی وردبینیی دارایی سەر بە گرووپی (ئێرنست ئەند یۆنگ)ی جیهانی بکات، وەک بەشێک لە پرۆسەی رێکخستنەوەی هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید.
 
هەروەها بڕیاردرا رێکارەکانی وەزارەتەکانی نەوت و پیشەسازی بۆ بازاڕکردنی گۆگرد خێراتر بکرێن، چ بۆ پێداویستیی ناوخۆ، چ بۆ هەناردەکردن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریشی دا دەسەڵاتی دارایی بۆ واژۆکردنی گرێبەست بە کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراق بدات، هەروەها بڕیاردرا وەزارەتی دارایی شایستە داراییەکانی کۆمپانیای گازی بەسرە لە کاتی دیاریکراودا خەرج بکات.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیادرا وەزارەتی تەندروستی بەردەوام بێت لەسەر کارکردن بەو بڕیارەی تایبەتە بە هاوردەکردنی ئەو ئامێر و پێداویستیی پزیشکییانەی کە رێژەی 0.5٪ی باجیان لەسەرە، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوەندە تەندروستییەکان.
 
راپۆرتەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە کەرتە حکومییەکاندا تاوتوێکران و ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کران بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.