هاتووچۆی عێراق: هەرکەسێک دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێل بکات دەدرێتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی عێراق هۆشداریی دەداتە شۆفێران و دەڵێت، هەر کەسێک دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بکات دادگایی دەکرێت. ئەوانەشی بەبێ ویستی خۆیان تابلۆکەیان شێواوە بە 100 هەزار دینار پێبژاردن سزادەدرێن.
رۆژی سێشەممە، 14ی ئایار، محەممەد حەسوون، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان سزای وەرگرتنی 100 هەزار دینار دەسەپێنێ بەسەر هەر شۆفێرێک، کە ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بەبێ ویستی خۆی روون نەبێت، یاخود سڕابێتەوە.
ئەو سزایە پشت بەستووە بە مادەی (25/2/ج)ی یاسای هاتووچۆی عێراق، کە لە ساڵی 2019 دەرچووە.
سەبارەت بەو شۆفێرەی کە (بە مەبەست) ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی دەشێوێنێ یاخود دەیسرێتەوە، حەسوون گوتی: "ئەو شۆفێرانە رادەستی دادگە پەیوەندیدارەکان دەکرێن، لەبەر ئەوەی ئەم کارە تاوانە و دەچێتە قاڵبی ساختەکاری لە دۆکیۆمێنتێکی فەرمی حکومەت، بەو پێیەی کە تابلۆی ئۆتۆمبێل دۆکیۆمێنتێکی فەرمیی حکومییە".
حەسوون ئاماژەی بەوەدا ئێستا رێنماییان بۆ هاتووە لەلایەن وەزیری ناوخۆی عێڕاق و بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێڕاق بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ سزادانی هەموو ئەو شۆفێرانەی کە سەرپێچی خێرایی دەکەن، پشتێنی سەلامەتی نابەستن و لە کاتی شوفێریدا مۆبایل بەکاردەهێنن.