نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی لە بەغدا

 
رووداو دیجیتاڵ

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
 
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14-05-2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆبووه‌وه‌.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوولا بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسيان له‌ به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌تى عێراق و پلان و ستراتيژى پێشخستنى ئابوورى و په‌ره‌پێدان له ‌ته‌واوى عێراق كرد.
 
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، چه‌ند دۆسیە و پرسێكى هاوبه‌شى نێوان حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خرانه‌ به‌ر باس، جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ردوولا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرايه‌وه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رى به‌رده‌وام له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و ياسا.
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوتوێی بارودۆخی گشتیی وڵات، ژمارەیەک بابەت لەسەر ئاستی نیشتمانی، بارودۆخی هەرێمی کوردستانی عێراق و رێوشوێنەکانی حکومەت کرا بۆ جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی، کە پەیوەستە بە بەهێزکردنی ئابووریی عێراق و بەدیهێنانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق.
 
 
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەرییش کۆبووەوە.
 
بەهۆی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بۆ یەکشەممەی داهاتوو دواخرا.
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی هەبوو، یەکەم بڕگە لە کۆبوونەوەکە خشتەی نێو یاسای بودجەی 2024 بوو، بەڵام دواخرا بۆ رۆژی یەکشەممە تاوەکو شاندێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەنە بەغدا و تێبینییەکانیان بە حکومەتی عێراقی بڵێن.