تیمەکانی تەندروستی بە درێژایی رێگەی حاجیان بۆسەر سنوور جێگیر دەکرێن و 24 کاژێر لەئەرک دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی پارێزگای دیالە رایدەگەیێنێت، تیمەکانی تەندروستی و پزیشکی لە پارێزگای ئەنبار لەسەر رێگەی حاجیان تاوەکو دەگاتە سەر سنووری عەرعەر جێگیر کراون و 24 کاژێر لە ئەرکدا دەبن.
 
محەممەد عادل، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمەکانی پزیشکی و تەندروستیی، بە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنیشەوە، بە درێژایی رێگەی ناردنی حاجییان لە سنووری ئیداریی پارێزگای ئەنباردا دابەشکراون، کە لە بازگەی سقوور دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە هەردوو دەروازەی سنووریی عەرعەر و نخێب، بۆ پێشکێشکردنی پشتیوانیی تەندروستیی دەستبەجێ و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو.
 
گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای دیالە، جەختی لەوە کردەوە ، تیمەکانی تەندروستیی و بنکەکانیان لە هەردوو دەروازەی عەرعەر و نخێب لەوپەڕی ئامادەباشیدان لەڕووی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە، سەرەڕای ئامادەبوونی تیمەکانی پزیشکی و پەرستاری و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن بە درێژایی 24 کاژێر لە چوارچێوەی تیمی جێگیر و گەڕۆکدا.
 
رۆژی 8ی ئەم مانگگە یەکەم کاروان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، بەڕێدەکەوت و پڕۆسەکە تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
   
لە هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، رۆژی 16ـی مانگ یەکەم کاروانی رێگەی وشکانی حاجییان بەڕێدەکەون و رۆژی 19ـی هەمان مانگیش گەشتی ئاسمانیی حاجییان بۆ سعودیە دەستپیدەکات و تاوەکو 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
 
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.