تەندروستیی عێراق: ئەمساڵ 4 کەس بە هاری سەگ گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی حاڵەتەکانی هاری سەگ دەدات و رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار کەس بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئەگەر نیشانەکان دەربکەون "رێژەی مردن 100%ـە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، چوار گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی هاری سەگ لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون."
 
بە گوتەی سەیف بەدر، حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی زیقار، بابل، بەغدا (رەسافە) و ئەنبار بوون.
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیکردەوە کە هاری سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی زۆر مەترسیدارە و راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی
دەمار. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی گشتی لە رێگەی گەستنی سەگەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و لە دۆخی دەگمەنیشدا لە رێگەی ئاژەڵی دیکەوە دەگوازرێتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "پێویستە هەر کەسێک خۆی یان ئەندامێکی خێزانەکەی سەگ گازی لێگرت، دەستبەجێ و بێ دواکەوتن سەردانی نزیکترین نەخۆشخانە بکات بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و چارەسەری پێویست."
 
سەبارەت بەو چوار کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە، سەیف بەدر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پابەندی رێنوێنییەکان نەبوون و تەنیا دوای دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، گوتیشی: "لەو کاتەدا [دوای دەرکەوتنی نیشانەکان] هیچ چارەسەرێک سوودی نابێت و مردنی کەسەکە مسۆگەرە."