ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا بۆ رووداو: سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئێمە و پارتی بەئامانج گرت

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان و فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە، لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە "بەئامانج گیراون" و دەستەی سەرۆکایەتی لایەنگری هەندێ هێزی سیاسی بووە. هەروەها باسی لەوە کرد، یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی هەندێ لە وەزارەتەکان، ڤیتۆی ئەمریکایە لەسەر بەشداربوونی هەندێ لایەنی خاوەنی گرووپی چەکدار لە کابینەی نوێدا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا متمانەی بە کارنامە و کابینەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی بەخشی. لە دانیشتنەکەدا کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، پەرلەمان متمانەی بە 14 وەزیر بەخشی، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە دەنگدان لەسەر 9 وەزارەت، لەنێویاندا بەرگری و ناوخۆ، دواخرا. دوای دانیشتنەکەش، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رەخنەی تووندی لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرت.
 
دانیشتنەکەی پەرلەمان گرژی و مشتومڕی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەسەر بەربژێرەکانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ. سەرەڕای ئەوەی عەلی زەیدی سوێندی یاسایی خوارد و وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکار بوو، بەڵام نەبوونی کۆدەنگی وایکرد یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پلاندانان، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو دوابخرێن.
 
لەسەر بارودۆخی دانیشتنەکە و هۆکاری پەسندنەکردنی بەشێک لە وەزیرەکان، عەلی زەرجاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد. 
 
زەرجاوی گوتی، "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەن نەبووە و لایەنگریی بۆ هەندێک هێزی سیاسی لەسەر حیسابی هێزەکانی دیکە کردووە."
 
عەلی زەرجاوی گوتی: "ئێمە بۆ پاڵپشتیکردن لە حکومەتی نوێ بەشدار بووین و بڕوامان وایە دەبێت بە زووترین کات دەستبەکار بێت، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی کابینە تازەکەی بەئامانج گرت. پێویست بوو یەکەمجار وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ یەکلا بکرێنەوە، بەڵام ئەوان خستیانە کۆتایی لیستەکەوە و رێگەیان نەدا دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەگەرچی زۆرینەیەکی روونیش داوای دەنگدانی دەکرد. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ گیانی هاوبەشی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا."
 
سەبارەت بە رەتکردنەوەی بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان (رێباز حەملان، بەربژێری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، "کۆمەڵێک هێزی سیاسی بە دیاریکراوی کراونەتە ئامانج."
 
زەرجاوی بە رووداوی گوت: "پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشکێکی بەئامانجکردنەکەی بەرکەوت. هەروەک چۆن فراکسیۆنی عەزم، دەوڵەتی یاسا و چەند هێزێکی دیکەش لەلایەن هەندێک هێزی سیاسییەوە لە کابینەکە بێبەش کران و دوورخرانەوە. ناکرێت دەوڵەتی عێراق تەنیا لەلایەن یەک لایەنی دیاریکراوەوە بەڕێوەببردرێت."
 
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی دەوڵەتی یاسا و ئەگەری بوون بە ئۆپۆزیسیۆن، عەلی زەرجاوی رەتیکردەوە راستەوخۆ دژی حکومەت بوەستنەوە، بەڵام گوتی: "ژمارەیەک بژاردەمان لەبەردەستە و بە وردی دەیخوێنینەوە. ئێمە پاڵپشتی حکومەتەکەین چونکە دۆسیەی ئاڵۆز و مەترسیداری لەپێشە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ متمانە بە وەزیرەکانمان نەدرا هۆکارەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەبوونی گوشاری دەرەکی، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە بۆ سەر پێکهێنانی کابینەکە، پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد "ئەمریکاییەکان ڤیتۆیان لەسەر بەشداریکردنی چەند لایەنێک هەبووە کە گرووپی چەکداریان هەیە."
 
عەلی زەرجاوی روونیکردەوە: "نێردەی ئەمریکا سەردان و کۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان هەبووە. ئەمریکییەکان تێبینییان هەبوو لە دژی بەشداریکردنی هەندێک گرووپی چەکدار لەنێو حکومەتی عێراقدا، هەر بۆیەش یەکلاکردنەوەی بەشێک لە وەزارەتەکان دواخرا."
 
بڕیارە پەرلەمانی عێراق دوای پشوو و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، دانیشتنێکی دیکە رێکبخات بۆ تەواوکردنی 9 وەزارەتە بەتاڵەکەی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
 
رووداو: دەتوانی پێم بڵێی ئێوە وەک دەوڵەتی یاسا تێبینییەکانتان چی بوون لەسەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆ؟
 
عەلی زەرجاوی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق:
 
"بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. ئەمڕۆ بۆ پاڵپشتیکردن و پشتگیریکردن لە حکومەتی عێراق لەم دانیشتنەدا بەشدار بووین. بڕوامان وایە ئەم حکومەتە پێویستە بە زووترین کات دەست بە کاری خۆی بکات. بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، بینیمان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەن نەبوو و لایەنداری بۆ هەندێ هێزی سیاسی دەکات لەسەر حسابی هەندێ هێزی سیاسیی دیکە. دەستەیەکە حکومەتی تازە پێکهێنراوی عێراقی بە ئامانج گرت. پێویستبوو لە پێش هەموو شتێکەوە وەزیری بەرگری و ناوخۆ یەکلا بکاتەوە، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، ئەم ناو و ئەم وەزارەتانەیان خستە کۆتایی لیستەکەوە، ئەگەرچی زۆرینەیەکی روون داوای دەکرد دەنگ لەسەر ئەم وەزارەتانە بدرێت، بەڵام ئەو زۆرینەیەیان رانگەیاند. بەداخێکی زۆرەوە ئەمە وەک زەنگی مەترسییە بۆ گیانی هاوکاری و هاوبەشی لە نێوان هێزە سیاسییەکان. پێمان وایە دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی بۆ داهاتوو بەخۆیدا بچێتەوە." 
 
رووداو: هۆکاری ئەم بەئامانجکردنە چییە؟ 
 
زەرجاوی: دەسەتەی سەرۆکایەتی، لەسەر حیسابی هەندێ هێزی سیاسی، لایەنگری بۆ هەندێ هێزی سیاسی دیکە دەکات. ئێمە وەک دەوڵەتی یاسا پشتیوانی و پشگیری لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەین. ئەمرۆ وەزیرەکانمان متمانەی پەرلەمانیان بەدەست نەهێنا، هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیش دەستەی سەرۆکایەتییە.
 
رووداو: پرسیاری کۆتایی: ئەندامانی پارتی دیموکرات، پارتە سیاسییەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی دژایەتیی بەربژێرەکەیان، رێباز حەملانیان کردووە، هۆکاری ئەم ململانێ سیاسییانەی نێو پەرلەمان چییە؟
 
زەرجاوی: پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشکێکی بەئامانجگرتنەکەی بەرکەوت، هەر وەک فراکسیۆنی عەزم و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و چەند هێزێکی دیکەی سیاسی، لە لایەن هەندێ هێزی سیاسییەوە لە کابینەی حکومەت بێبەش کران و دوور خرانەوە، ئەمەش هۆشداری و زەنگی مەترسییە بۆ گیانی هاوکاری و هاوبەشی لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا. ناکرێت ئەنجوومەنی نوێنەران و دەوڵەتی عێراق لەلایەن یەک لایەنی سیاسیی دیاریکراوەوە لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە بەڕێوەببردرێن و ناشکرێت لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە لەسەر حیسابی هێزێکی دیکەوە بەڕێوەببردرێن"
 
رووداو: هەنگاوی داهاتووی دەوڵەتی یاسا چییە؟
 
زەرجاوی: ئێمە ژمارەیەک بژاردەمان لەبەردەستە و بە تێروتەسەلی خوێندنەوەیان بۆ دەکەین و بڕیاری روون، راشکاو و ئاشکرا دەدەین و لە بەرامبەر میدیا و رای گشتی دەیانخەینەڕوو و بۆ رۆڵەکانی گەلی عێراقیمان باسیان دەکەین.
 
رووداو: ئەگەر هەیە دەوڵەتی یاسا ببێتە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بەم حکومەتە؟
 
زەرجاوی: ئێمە پاڵپشتیکار و پشتگیریکاری حکومەتی عێراقین. ئێمە لە یەکەمینەکان بووین لەنێو هێزە سیاسییەکاندا کە پشتیوانییان لەم حکومەتەکە کرد. حکومەت ژمارەیەکی زۆر دۆسیەی ئاڵۆز و مەترسیداری لەپێشە کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەریان بکات. بۆیەشە رێچکەی ئێمە ئەوەیە کە پشتیوانی لەم حکومەتە دەکەین کە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر درا. 
 
رووداو: ئایا هیچ گوشارێکی ئەمریکی و ئێرانی هەبوون بۆ پێکهێنانی ئەم حکومەتە؟
 
زەرجاوی: کۆبوونەوەی بەردەوام هەیە و نێردەی ئەمریکا سەردان و کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان هەبوون. پەیوەندی هەیە لە نێوان هێزە سیاسییەکان و لایەنی ئەمریکی. ئەمریکییەکان تێبینییان هەیە لە دژی بەشداریکردنی هەندێ گرووپی چەکدار لە حکومەتی عێراقدا، بۆیە یەکلاکردنەوەی هەندێ وەزارەت دواخرا. 
 
رووداو: زۆر سوپاس