تۆم باراک بۆ عەلی زەیدی: سەرۆک ترەمپ ئامادەیە لە نزیکەوە کارت لەگەڵ دا بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسندکردنی کابینەی حکومەتەکەی؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە واشنتن گەشبینە بەم سەرکردایەتییە نوێیە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2026، تۆم باراک لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد و رایگەیاند: "ئێمە بەم سەرکردایەتییە نوێیەی تۆ هاندراوین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاوکاری و کارکردن دەکەین لەسەر ئەجێندایەکی نوێ و بوێر کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان."
 
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا گوتی، ئامانجیان بونیادنانی عێراقێکی خاوەن سەروەری، گەشەسەندوو و سەقامگیرە کە لەگەڵ دراوسێکانی لە ئاشتیدا بێت. باراک گوتیشی: "دەمانەوێت عێراق هەلی گەشە بۆ هەموو هاووڵاتییانی دابین بکات لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی سودبەخش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا."
 
باراک ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرد و گوتی: "سەرۆک تره‌مپ، وەزیر روبیۆ و ویلایەتە یەکگرتوەکان ئامادەن لە نزیکەوە لەگەڵ تۆ و حکومەتەکەت کار بکەن بۆ پێشخستنی ئامانجە هاوبەشەکانمان بۆ خۆشگوزەرانیی گەلی عێراق."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، تۆم باراک جەختی لە پرسی تێرۆر کردەوە و رایگەیاند، یەکێک لە کارە لە پێشینەکان لەناوبردنی تێرۆرە، چونکە بە گوتەی ئەو، تێرۆر هەمیشە رێگر بووە لەبەردەم پێشکەوتنی گەلی عێراق.
 
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق و 14 بەربژێر بۆ پۆستی وەزارەتەکان پەسندکران و نۆشیان پەسەندکردنیان دواخرا.