کابینەکەی زەیدی لەنێوان ناڕەزایەتیی هەندێ فراکسیۆن و شەڕەبۆکسی نێو هۆڵی پەرلەماندا
رووداو دیجیتاڵ
دوای مشتومڕ و دانوستاندنێکی زۆر، سەرەنجام پەرلەمانی عێراق دەنگی بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دا و پەسندی کرد. هەرچەندە دەنگدانەکە بە ئاشکرا دەست بەرزکردنەوە بوو، بەڵام هەندێ لایەن ناڕازین و دەڵێن: پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەنەچوو.
لەلایەکی دیکەشەوە ناکۆکیی تاوەکو شەڕەبۆکس دروستبوو.
"دانیشتنێکی زۆر بێمانا"
دوای دانیشتنەکە، لەبەردەم هۆڵی پەرلەماندا، سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
شێروانی، دانیشتنەکەی بە "زۆر بێمانا" وەسفکرد و گوتی: "پێشێلکردنی دەستوور بووەتە کارێکی ئاسایی."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکی پەرلەمان هیچ دەنگێکی وەزیرەکانی نەژمارد، ئەو وەزیرانەی خۆیان ویستیان، دەنگی هێنابێ و نەهێنابێ، پەسندیان کرد، حەزیشیان لێی نەبووبێ دەنگی هێنابێ و نەهێنابێ، رەتیانکردووەتەوە."
لە دانیشتنەکەدا، فراکسیۆنی پارتی ئێمە داوای ژماردنی دەنگەکانی کرد، بەڵام وەک سیپان شێروانی دەڵێت: "سەرۆکی پەرلەمان قبووڵی نەکرد، بۆیە ئەم دەنگدانە جێی قبووڵ نییە و گومانی لەسەرە، یارییەکی سیاسییە و بەهای بۆ پەرلەمان نەهێشتووەتەوە."
لەبارەی دەرنەچوونی رێباز حەملانیش گوتی: "تەنیا کاک رێباز (بەربژێری وەزیری ئاوەدانکردنەوە-پشکی پارتی) رەت نەکراوەتەوە، بەربژێرانی وەزیری ناوخۆ، پلاندانان و شارەوانی پەسند نەکران، ناشزانرێت کامیان چەند دەنگیان هێناوە."
"پلانێک بۆ شکستپێهێنانی حکومەت"
دوای دانیشتنەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "عورف وایە بەربژێری وەزیری وەزارەتە سیادییەکان بخرێنە پێشەوە، ئەمان هەستان ئەو وەزارەتانەی خۆیان دەیانەوێ خستیانە پێشەوە و دەنگیان پێیاندا، ئەوانی دیکە (وەزیری ناوخۆ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و چەند وەزیرێکی دیکە)یان دەرنەچوواند بەبێ ئەوەی تەماشای رێژەی یاسایی بکرێت، ئەوەی هی خۆیانە، سەری بڵند نەکرد و یەکسەر پەسندی کرد."
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەمانە هەمووی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو، پیلانێکیشە بۆ شکستهێنان بەم حکومەتە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لەدەستداوە."
هاواری سەرۆکوەزیران بۆ دەنگدان بە بەربژێری وەزیری ناوخۆ و رەتکردنەوەی
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، "ئەمە یەکەمجارە کاری وابکرێ، هەرگیز بووە وەزیری کارەبا بخرێتە پێش وەزیری ناوخۆ یان دەرەوە؟ ئەوانەی خۆیان ویستیان لە سەرەتاوە دەنگیان پێدا و ئەوانی دیکەیان تێنەپەڕاند."
شاخەوان عەبدوڵلا باسی هەڵوێست و داوای سەرۆکی نوێی حکومەتی عێراقی لەکاتی دانیشتنەکەدا کرد و گوتی: " سەرۆکوەزیران هاواری کرد و گوتی: من کێشەی ئەمنیم هەیە، ئێوە بۆ شکست بە وەزیری ناوخۆ دەهێنن؟ بەڵام تێپەڕی."
ئاماژەی بەوەشکرد، "شکستیان بە هەموو وەزارەتەکانی بەرکەوتەی عەزم هێنا (رۆشنبیری، پلاندانان، ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە و هتد)."
"زانیمان موئامەرەیەک هەیە"
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "هەر لە سەرەتاوە کە سەرۆکی پەرلەمان گوتی، دەنگدان لەسەر وەزارەتەکان بەوپێیە دەبێ کە وزە و خزمەتگوزاری بەجیا بن، زانیمان موئامەرەیەک هەیە، دەبوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەمە قبووڵ نەکات."
"ئەمە دەسپێکردنێکی زۆر قێزەون بوو، ئەگەر بەمشێوەیە بێت شتێک نەماوە بەناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و روئیای حیزبی و پلانگێڕی دەهێنرێ جێبەجێ دەکرێت."
نامە نێردرابوو بۆ بەشێک لە پەرلەمانتاران "رێباز حەملان ئەندازیاری پەیوەندییەکانی پارتییە لەگەڵ ئیسرائیل"
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پەرلەمانتاری پارتییە لە بەغدا، لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەیەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "پارتی ناڕازییە لە دەنگدانەکە، چونکە پیلانێکی پێشوەختە هەبوو دژ بە کاندیدێکی ئێمە کە کاک رێباز حەملانە، تەنانەت ئەو پۆستانەشیان [نامە] نیشانداین کە یەک یەک دەیاننارد بۆ پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی دەنگ بە رێباز حەملان نەدەن، لەلایەکی دیکەش هەر بەپەلە بەربژێرەکانیان خستەڕوو و پەرلەمانتارەکان هەر فریانەکەوتن بزانن کێیە."
ئەشواق جاف گوتی: "بەداخەوە بەرنامەیەکی پێشوەختە دانرابوو بۆ خستنی کاک رێباز. ئەو نامانەم بە چاوی خۆم دیت کە نێردرابوو بۆ پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی دەنگ بە رێباز حەملان نەدرێت. زۆر بە ناشرینی لە نامەکەدا نووسرابوو 'ئەندازیاری پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ ئیسرائیل، رێباز حەملانە.' ئەم نامەیە تاک تاک بۆ پەرلەمانتاران نێردراوە و وێنەی رێباز حەملانیشی تێدابووە."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەمە کارێکی زۆر ناشرینە، نەدەبوو ئەمە بکەن، چونکە کاک رێباز شەخسییەتێکی دیارە، وەکو پارتیش ئەو تۆمەتانە بەتەواوی رەتدەکەینەوە و بە ئامانجگرتن وەرمان گرتووە و دواتریش پارتی هەڵوێستی دەبێت."
کابینەکەی زەیدی چۆن تێپەڕێندرا؟
کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەید، لە 23 وەزارەت پێکهاتووە، 19 بەربژێری وەزیر برانە پەرلەمان، دەنگ بە 18یان درا و 14یان پەسند کران، یەکێکیان (وەزیری ناوخۆ) دواخرا و چواریش ماون بخرێنە دەنگدانەوە.
وەزیرە پەسندکراوەکان:
- خالید شوانی، وەزیری داد - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە - پارتی دیموکراتی کوردستان
- عەبدولڕەحیم شەممەرى، وەزیری کشتوکاڵ - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندن - ئەبشیر یا عێراق
- عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە - تەقەدووم
- سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە - نەوەی نوێ
- مستەفا عانی، وەزیری بارزگانی - هاوپەیمانی سیادە
- وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوە - رێکخراوی بەدر
- محەممەد کەربوولی، وەزیری پیشەسازی - تەقەدووم
- فالح ساری عەبداشی، وەزیری دارایی - رەوتی حیکمە
- عەلی سەعد وەهیب، وەزیری کارەبا - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی - نەهجی نیشتمانی
- موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو - رێکخراوی بەدر
- باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
ئەو بەربژێرانەی رەتکرانەوە
- رێباز حەملان - ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن - پارتی دیموکراتی کوردستان
- ئەحمەد عەزاوی - پلاندانان - هاوپەیمانی عەزم
- عامر خوزاعی - خوێندنی باڵا - دەوڵەتی یاسا
- سەفا کینانی - وەرزش و لاوان - رەوتی حیکمە
وەزارەتە دواخراوەکان
- وەزارەتی ناوخۆ - شیعە
- وەزارەتی بەرگری - سوننە
- رۆشنبیری - سوننە
- کۆچ و کۆچبەران - پشکی پێکهاتەکان
- کار و کاروباری کۆمەڵایەتی - شیعە
"بەربژێری ئێستای وەزیری ناوخۆ دەخرێتە دەنگدان"
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی متمانەیان نەهێنا، دەبێ بەربژێرەکان بگۆڕدرێن، تەنیا وەزیری ناوخۆ نەبێ، چونکە ئەو نەخراوەتە دەنگدانەوە."
لەبارەی رەتکردنەوەی بەربژێرێکی پارتیش گوتی: "پارتی بە ئامانج نەگیراوە، بەڵام ململانێی نێوخۆی سوننەکان و هەندێ لە فراکسیۆنەکان کاریگەریی لەسەر بەربژێری پارتیش کرد. بەڵام تێکەڵاوکردنی وەزیرەکان و رێزبەند نەکردنیان بووە کێشە."
هاوکات چیمەن بابەکر بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی بە رووداوی گوت: "ئێمە لە شێوازی ژماردنی دەنگەکان ناڕازی بووین، چونکە دەنگدانەکە دەست بەرزکردنەوە بوو نەک ئەلیکترۆنی، لەوکاتەش نیوەی پەرلەمانتاران خەریکی هاتووچۆ بوون، سێ بەشی وەزیرەکان وا هەڵبژێردران، ئێمە داوای دووبارەکردنەوەمان کرد، بەڵام بە قسەیان نەکردین."
پارتی و یەکێتی دەنگیان بە بەربژێرەکانی یەکدی داوە
چنار رەسوڵ، پەرلەمانتاری یەکێتی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئەوانەی ماونەتەوە دوای جەژن دەنگیان لەسەر دەدرێت و گوتیشی: "پارتی دەنگی بە بەربژێرانی یەکێتی دا و ئێمەش دەنگمان بە بەربژێرانی پارتی دا."
هاوکات هەڵۆ جەباری، پەرلەمانتاری هەمان حیزب، لەبارەی دانیشتنەکەوە بە رووداوی راگەیاند، "دانیشتنێکی زۆر باش بوو، کێشەیەکی وا نەبوو، تەنیا هەندێ لە پەرلەمانتاران دەنگیان بە بەربژێران نەدا، بەڵام دواتر ئەوەش تێپەڕی."
جەباری گوتی: "ئێمە دەنگمان بە بەربژێرانی برایانی پارتی دا و لە مێژووی عێراقیشدا شتێکی وا بێوێنە نەبووە کە بە زۆرینەی دەنگ دەنگ درا بە کاک خالید شوانی بۆ وەزیری داد، 270 دەنگ پیرۆزباییان لێی کرد."
گوتیشی: "ئێمەش دەنگمان بە فوئاد حوسێن و رێباز حەملان دا، ئێمە هاوئاهەنگیمان پێکەوە هەیە و لە بەیانییەوە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە لە دادگاییکردنی عەجاج بوون، لەوێ پێکەوە فرمێسکی شادیمان رشت، دوای ئەوەش کە دەرچووین بە ئاڵای کوردستانەوە دادگەی رەسافەمان جێهێشت. ئەوە جێی دڵخۆشییە و ئەو یەکگرتووییە هەبووە."
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: ئێمە و پارتی کراینە ئامانج
دەوڵەتی یاساش هاوشێوەی پارتی ناڕازییە لە دانیشتنەکە و شێوازی دەنگدان. عەلی زەرجاوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا قسەی بۆ زیاد جەبار، پەیامنێری رووداو لە بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە و فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە، لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە بەئامانج گیراوین.
لەسەر بارودۆخی دانیشتنەکە و هۆکاری پەسندنەکردنی بەشێک لە وەزیرەکان، عەلی زەرجاوی گوتی، "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەن نەبووە و لایەنگریی بۆ هەندێک هێزی سیاسی لەسەر حیسابی هێزەکانی دیکە کردووە."
عەلی زەرجاوی گوتی: "ئێمە بۆ پاڵپشتیکردن لە حکومەتی نوێ بەشدار بووین و بڕوامان وایە دەبێت بە زووترین کات دەستبەکار بێت، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی کابینە تازەکەی بەئامانج گرت. پێویست بوو یەکەمجار وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ یەکلا بکرێنەوە، بەڵام ئەوان خستیانە کۆتایی لیستەکەوە و رێگەیان نەدا دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەگەرچی زۆرینەیەکی روونیش داوای دەنگدانی دەکرد. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ گیانی هاوبەشی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا."
سەبارەت بە رەتکردنەوەی بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان (رێباز حەملان، بەربژێری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، "کۆمەڵێک هێزی سیاسی بە دیاریکراوی کراونەتە ئامانج."
زەرجاوی بە رووداوی گوت: "پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشکێکی بەئامانجکردنەکەی بەرکەوت. هەروەک چۆن فراکسیۆنی عەزم، دەوڵەتی یاسا و چەند هێزێکی دیکەش لەلایەن هەندێک هێزی سیاسییەوە لە کابینەکە بێبەش کران و دوورخرانەوە. ناکرێت دەوڵەتی عێراق تەنیا لەلایەن یەک لایەنی دیاریکراوەوە بەڕێوەببردرێت."
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی دەوڵەتی یاسا و ئەگەری بوون بە ئۆپۆزیسیۆن، عەلی زەرجاوی رەتیکردەوە راستەوخۆ دژی حکومەت بوەستنەوە، بەڵام گوتی: "ژمارەیەک بژاردەمان لەبەردەستە و بە وردی دەیخوێنینەوە. ئێمە پاڵپشتی حکومەتەکەین چونکە دۆسیەی ئاڵۆز و مەترسیداری لەپێشە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ متمانە بە وەزیرەکانمان نەدرا هۆکارەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو."
ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر هەندێ لە بەربژێرەکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەبوونی گوشاری دەرەکی، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە بۆ سەر پێکهێنانی کابینەکە، پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد "ئەمریکاییەکان ڤیتۆیان لەسەر بەشداریکردنی چەند لایەنێک هەبووە کە گرووپی چەکداریان هەیە."
عەلی زەرجاوی روونیکردەوە: "نێردەی ئەمریکا سەردان و کۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان هەبووە. ئەمریکییەکان تێبینییان هەبوو لە دژی بەشداریکردنی هەندێک گرووپی چەکدار لەنێو حکومەتی عێراقدا، هەر بۆیەش یەکلاکردنەوەی بەشێک لە وەزارەتەکان دواخرا."
شەڕە بۆکسەکەی نێو پەرلەمان
دانیشتنەکەی پەرلەمان گرژی و مشتومڕی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەسەر بەربژێرەکانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ. سەرەڕای ئەوەی عەلی زەیدی سوێندی یاسایی خوارد و وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکار بوو، بەڵام نەبوونی کۆدەنگی وایکرد یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پلاندانان، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو دوابخرێن.
بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ، سەر بە دەوڵەتی یاسا بووە کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
ئەمە ناکۆکیی خستە نێو فراکسیۆنە شیعییەکان و لەنێو هۆڵی پەرلەماندا چەند پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا و فراکسیۆنی دیکەی شیعە، بووە شەڕیان و بە بۆکس لەیەکیان دا.
سێ فراکسیۆنی کوردستانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد
نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە نوێنەرایەتیی هەر سێ فراکسیۆن گوتی: "وەک ئەندامێکی لێژنەی 14 کەسیی هەڵسەنگاندنی کارنامەی حکومەت، راپۆرتی کۆتایی لێژنەکەیانی رادەستی عەلی زەیدی کردووە و پێی گوتووە کە لە کۆی 13 لاپەڕەی کارنامەکەدا، تەنیا لە یەک دێڕدا باسی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەویش تەنیا داوای پابەندبوونی هەرێمی کردووە بە کارنامەکەوە بەبێ ئەوەی باسی چارەسەری کێشەکان بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی لەوە کرد، پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای "قۆرخکاری و پشککاری" لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وای کردووە هێزە سیاسییە حەقیقییەکان کە نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازیی خەڵک دەکەن، نەیانەوێت لە کابینەکەدا بەشدار بن. موسەننا ئەمین گوتیشی : "چیدیکە قابیلی قبووڵ نییە دەنگ بدەین بە حکومەتێک کە کارنامەکەی بۆ ئێمە روون نەبێت."
سەبارەت بە داواکارییەکانیان، موسەننا ئەمین گوتی: "ئەوان بەدوای پۆست و ئیمتیازاتدا ناگەڕێن، بەڵکو دەیانەوێت گەرەنتی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، مافی جووتیاران، زیندانییانی سیاسی، خانەنشینان و هەرزانکردنی سووتەمەنی لە کارنامەکەدا هەبێت."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان دژی حکومەت نین و دەیانەوێت سەرکەوتوو بێت، بەڵام "چاودێرێکی ورد دەبین بەسەر هەموو نوقسانییەک لە هەر وەزیرێک یان لە هەر قۆناخێکی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتدا هەبێت."