عەجاج بە لە سێدارەدان سزا درا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، بە تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوانی کورد لە زیندانی نوگرە سەلمان، سزای لە سێدارەدانی بۆ عەجاج تکریتی دەرکرد.
رۆژی پێنچشەممە، 14ـی ئایاری 2026، هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری رووداو لە بەغدا، کە لەنێو هۆڵی دادگە ئامادەی دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنەکە بوو، رایگەیاند: "دادگە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەجاج دەرکرد، یەکسەر لەگەڵ بڕیارەکە کەسوکاری ئەنفالکراوان لەنێو هۆڵەکە بە هەلهەلە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و سوپاسی دادگەیان کرد"
دادوەر گوتویەتی لەماوەی دە رۆژدا دەتوانرێت دۆسیەکەی بۆ دادگەی تەمییز بنێردرێت، دواتر بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەدرێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت: "عەجاج لە کاتی دادگاییکردنە هەوڵی دەدا تاوانەکان رەتبکاتەوە، جارێک دەیگوت من کەیسی نوگرەسەلمانم بە دەستەوە نەبووە، جارێک دەیگوت من لە سەماوە نەبوومە، لەهەمان کاتدا هەندێک کەیس هەبوون کە باسی دەکرد دەیسەلماند کە لەوێ بووە."
عەجاج لەبەردەم دادوەر هێندە پێداگربووە و حاشای لە قسەکان و تاوانەکانی دەکرد، دادوەر یەکسەر گوتی ئەو شاشەیەی نێو هۆڵەکە داگیرسێنن و ڤیدیۆی عەجاجی خستە سەر، کە عەجاج خۆی لە نێو نوگرە سەلمان لەگەڵ تیمی بەڵگەی تاوانەکانی دادگە بۆ سەلماندنی بەڵگەکان چوونە عەجاج بۆیان روون دەکاتەوە ".
یەکێک لە ئامادەبووانی دادگاییەکە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، بۆ کوسوکاری ئەنفالکراوان و کورد، خۆشبەختانە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ جەلادەکەی نوگرەسەلمان دەرچوو"
یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بە رووداوی راگەیاند : "ئەمڕۆ عەجاج ئەو سزایەی وەرگرت، کە ئێمە وەک کەسوکاری ئەنفالکراوەکان تێکڕا چاوەڕێمان دەکرد."
پارێزەر دیلمان، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان بە رووداوی راگەیاند: "سوپاس بۆ خوا توانیمان ئەمڕۆ دەستکەوێک پێشکێش بە ئەنفالکراوان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکەین، دادگایییکردنەکە زۆر دوور و درێژبوو، عەجاج دانی بە هیچ شتێکدا نەدەنا، دەیگوت من ئەو تاوانەم نەکردووە، بەڵام تاوانەکەی ئەوەندە قێزەون بوو بۆ هەموو لایەک روون بوو"
لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا، نوێنەرانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال ئامادە بوون و پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگە کرد.
عەجاج تکریتی، کە لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە لەو ناوانەی لە مێژووی ئەنفالدا بە "دڕندەیی" بەرامبەر بە کوردانی زیندانیکراو لە قەڵای نوگرە سەلمان ناوی دەهێنرێت.
پێشتر لە 7ـی ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەردەم دادوەر سوێندی یاساییان خوارد و وردەکاریی ئەو تاوانانەیان گێڕایەوە، کە عەجاج لە نوگرە سەلمان بەرامبەریان کردبووی.