بەربژێری بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بۆ حکومەتی نوێ
رووداو دیجیتاڵ
رەوتی حیکمە وەزارەتی دارایی و وەرزش و لاوانى بەردەکەوێت و هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی وەزارەتی نەوت وەردەگرێت و ناوی بەربژێرەکانیان بڵاوکردەوە. هەروەها پارتی تەقەدووم ناوی ئەو دوو بەربژێرەی بڵاوکردەوە کە بڕیارە لە پشکی ئەو پارتە وەزارەتەکانی پیشەسازی و پەروەردە لە کابینەی نوێی حکومەتدا وەربگرن.
رەوتی حیکمە، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رایگەیاند کە فالح ساری بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی و سەفا کینانی، بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوان بەربژێر کردووە.
فالح ساری، لە ساڵی 1965 لە موسەنا لەدایکبووە، لە سێ خولی رابردووی پەرلەماندا ئەندام بووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە. هەرچی سەفا کینانییە، بڕوانامەی دکتۆرای هەیە و بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و ئەمینداری جێبەجێکاری رەوتەکەیە.
پارتی تەقەدووم، کە یەکێکە لە لایەنە سوننەکان، محەممەد نووری کەربوولی بۆ وەزارەتی پیشەسازی و عەبدولکەریم عەبتانی بۆ وەزارەتی پەروەردە بەربژێر کردووە.
محەممەد نووری کاربوولی، پارێزگاری پێشووی ئەنبار و ئەندامی ئێستای پەرلەمانە. هەرچی عەبدولکەریم عەبتانە، یاساناس و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراقە لە بازنەی بەغدا.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، بە فەرمی باسم محەممەد خزەیری بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت بەربژێر کرد کە ئێستا بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ کاروباری دەرهێنان و خەڵکی پارێزگای بەسرەیە.
بڕیارە پێنجشەممە 13ی ئایاری 2026 پەرلەمانی عێراق دەنگ بە کابینەی حکومەتی عەلی فالح زەیدی بدات. لە کۆی 23 وەزارەت بڕیارە دەنگ بە 19 وەزارەت بدرێت، کە وەزارەتی نەوت یەکێکیان دەبێت.