بەهۆی "ڤیتۆی ئەمریکا"، حیزبوڵڵا بەشداری حکومەت ناکات و ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پشکی عەسائیب نادرێ

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ڤیتۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بزووتنەوەی حقوق (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق) بەشداری لە کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی ناکات و ئەمڕۆش دەنگ لەسەر پشکی وەزاریی بزووتنەوەی سادیقونی باڵی سەربازی عەسائیب ئەهلی حەق نادرێ. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سادیقون دەڵێت وەک هاوسۆزییەک بۆ سادیقون، ئەمڕۆ دەنگ بە وەزیرێکی یەکێتی نادرێت.
 
ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامی بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ناردووە، تێیدا هۆشداریداوە لە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی. 
 
حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق) ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشداری حکومەتی نوێی عێراق ناکەین".
 
سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق ئامادە نەبوو لەوبارەوە هیچ روونکردنەوەیەکی دیکە بدات. 
 
بزووتنەوەی سادیقون-ی باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی لەکابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لابوو، وەزیرەکەشی نەعیم عەبوودی بوو. 
 
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقون-ی باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پشکی سادیقون جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگی لەسەر نادرێ و دوادەکەوێ".
 
بەگوتەی شەیحانی " وەک هاسۆزییەک بۆ ئەو دواخستنەی سادیقون، یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان و پارتی تەقەدووم و لایەنی شیعە،  هەریەکێکیان پێیان راگەیانگەیاندووین کە شایستەی دەنگیان بە وەزارەتێکیان دوادەخەن".
 
هەر لەوبارەوە، نەعیم عەبوودی، یاریدەدەری سیاسیی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق رایگەیاند، "سادیقون لەنێو ئەو وەزارەتانە نابێت کە ئەمڕۆ دەنگیان لەسەر دەدرێ، رەنگە بکەوێتە قۆناخی دووەم" .
 
بەڵام نەعیم عەبوودی، گوتی:" سادیقون، شایستەی هەڵبژاردنی هەیە کە وەزارەتی کار و جێگری سەرۆکوەزیرانە. لەیس خەزعەلی، بۆ جێگری سەرۆکوەزیران. هەروەها پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان هەیە کە عەدنان فێحان-ە."
 
سەبارەت بە ڤیتۆی ئەمریکی بۆ بەشدارینەکردنیان لە کابینەی عەلی زەیدی، نەعیم عەبوودی گوتی: "بابەتی چەک لەدەست دەوڵەت جێی گفتۆگۆیە، سادیقون دەستوەردانی دەرەکی رەتکردووەتەوە، پێویستە پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێت، پاڵپشت بێت بە بۆچوونی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و  لێڤەگەڕی چوارچێوەی سیاسی تاوەکو بتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن".
 
هەروەها تاوەکو ئێستا ئەحمەد ئەسەدی (سەرۆکی کوتلەی سەندی نیشتمانی و سەرۆکی کەتائیب جوندولئمام)، هاوپەیمانی خەدەمات بە سەرۆکایەی شبل زەیدی، فراکسیۆنی مونتەسیرون( بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی)، فراکسیۆنەکەی حەیدەر غەراوی (ئەمینداری گروپی ئەنساروڵڵا ئەفیاء) پۆستی وەزاریان پێ نەدراوە.
 
بڕیارە  کاژێر 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان بە بەرنامەی حکومەت و حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی.