بەنگین رێکانی: ئێستا گۆڕەپانی سیاسیی عێراق کەوتووەتە دەست ئێران


رووداو هەولێر

وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆڵی ئێران بە هۆکاری پاشەکشێکردنی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی ناودەبات و دەڵێت، بە کشانەوەی سەدر، گۆڕەپانەکە بەتەواوەتی کەوتووەتە دەست ئێران.
 
رۆژی سێشەممە، 14-6-2022، بەنگین رێکانی، وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، رایگەیاند: "شیعە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی فرەلایەنن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، رەنگە لە چۆنێتی پێکهێنانی حکومەتدا ناکۆکی لەنێوانیاندا دروستبێت، بەڵام ئێستا کۆکن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنن".
 
رۆژی یەکشەممە 12-6-2022 موقتەدا سەدر، نامەیەکی ئاراستەى حەسەن عەزارى، سەرۆکى فراکسیۆنى سەدر کرد و تیایدا داواى لێکرد نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامانى فراکسیۆنەکە رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکەن.
 
دوای نزیکەی نیو کاژێر لە ناردنی نامەکە، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر چووە لای محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەکان واژۆکران. ئەوە لەکاتێکدایە رەوتی سەدر گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق بوو بە 73 کورسی.
 
لەدوای واژۆکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە تویتێکدا رایگەیاند: "رێز لە بڕیارەکەی سەماحەتی بەڕێز موقتەدا سەدر دەگرین و چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی داهاتوو دەکەین."
 
لەبارەی ئەگەری بەربژێرکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەنگین رێکانی گوتی: "تاوەکو پێش ئەو رووداوانە، کوتلەی مالیکی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەهێزبوو، بەڵام دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، ئەگەر کۆمیسیۆن جێگرەوەیان بە پەرلەمان بناسێنێت کە زۆرینەی زەرەرمەندی ناو بازنەکان دەبن، کوتلەی مالیکی لەو هاوپەیمانێتییەدا لاواز دەبێت و پێشموانییە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرۆکوەزیرانێک دابنێن کە موقتەدا سەدر پێی قایل نەبێت".
 
وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەشڵێت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەکیان داناوە بۆ ئەوەی مەرجەکان بۆ خۆبەربژێرکردن لە پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکەن، بەڵام بە بۆچوونی من هیچ بەربژێرێک دەستنیشان ناکەن تاوەکو بۆچوونی کورد و سوننەی لەسەر وەرنەگرن و رەنگە جارێکی دیکەش پەیامێک بۆ موقتەدا سەدر بنێرن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەربژێرەکە ناڕازی نییە".
 
بەنگین رێکانی پێیوایە؛ موقتەدا سەدر بە بێدەنگی دانانیشێت و سەیری پێکهێنانی حکومەت دەکات و وەک ئاماژەی پێدەدات: "سەدر ماوەیەک دەست رادەگرێت بۆ ئەوەی تۆمەتی ئەوەی نەیەتە سەر کە مادام لەناو پرۆسەی سیاسیدا نەماوە، دەیەوێت پرۆسەکە تێکبدات. بەڵکو چاوەڕێدەکات شەقام و جەماوەر جووڵەیەک بکەن و ئینجا ئەو بێتە ناویان، مەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی شتێک بکەن کە ئەو پێی رازیبێت".
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پێسوەختە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق پێیوایە: "عێراق ئامادەیی پێویستی نییە بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، بەڵام تەمەنی ئەو پەرلەمانە ناگاتە چوار ساڵ و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت، کە ئەویش کێشەی خۆی دەبێت و یاسای هەڵبژاردن جارێکی دیکە مشتومڕ دەنێتەوە".
 
بە گوتەی بەنگین رێکانی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رێگەی تەلەفۆنەوە رۆژانە لەگەڵ پارتیدا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی گفتوگۆی جیددی لەگەڵ بکەن بۆ رێککەوتن، بەڵام تائێستا کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەوبارەوە نەکراوە".
 
زیاتر روونی دەکاتەوە: "لەوانەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵبدات لەگەڵ پارتی و سوننە بەجیا دانوستاندن بکات، بەڵام تێگەیشتنی نێوان ئەو دوو لایەنە زۆر بەهێزە و پێموانییە بەبێ هاوئاهەنگی یەکتر بچنە ناو هاوپەیمانییەکی دیکەوە، بۆیە سەروەری سوننە و پارتی بەیەکەوە وەک هاوپەیمان دەمێننەوە".
 
بە بۆچوونی بەنگین رێکانی: "پارتی کۆمەڵیک خاڵی وەک مەرج هەیە بۆ هاوپەیمانیەتی کە کێشەی بنەڕەتی نێوان هەولێر و بەغدان و دەیەوێ ئەو کێشانە نەمێنن، بچێتە ناو هەر هاوپەیمانێتییەکیش ئەو مەرجانە دەخاتەڕوو، ئەگەر پارتیش هاوشێوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان بکشێتەوە، شەرعیەتی سیاسیی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە هێندەی تر کەمدەبێتەوە، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئەوە لەبەرچاو دەگرن و هەوڵی جدی دەدەن بۆ ئەوەی لەگەڵی رێکبکەون".
 
وەزیری پێشووی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق پێی باشە کورد یەک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت و وەک ئاماژەی پێدەکات: "لە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە چاودێری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە دیداری نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانیش هیچ باسێک لە پرسی سەرۆککۆمار نەکراوە، بەڵام دۆخەکە وا دەخوازێت کە ئێستا کورد یەک بەربژێری هەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار".
 
بەنگین رێکانی رۆڵی ئێران لەو دۆخە سیاسییەی ئێستای عێراق بە کاریگەر دەزانێت و دەڵێت: "لەماوەی رابردوو ئێران رۆڵی کاریگەری هەبوو بۆ ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و هەر ئەو رۆڵەش وایکرد سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەرچێت و ئێستاش گۆڕەپانەکە هی ئێرانە".