دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق: داخستنی ئاسمان تاوەکو کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ درێژکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق دەڵێت، داخستنی ئاسمانیی عێراق تاوەکو کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ درێژکرایەوە.
 
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ سەلامەتیی پاراستن و ئاسایشی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە ئاسمانی عێراق، داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ هاتن و چوون تاوەکو کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ شەممە درێژکرایەوە؛ دواتر بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە دەدرێ".
 
ئەمڕۆ هەریەک لە ئوردن و لوبنان ئاسمانەکەیان کردەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بە رووداوی گوت: "لە گفتوگۆ و راوێژداین؛ یان ئاسمانی عێراق دەکرێتەوە یان داخستنەکە بۆ کاتێکی نادیار درێژ دەکرێتەوە".
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانە هەن: بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک.
 
بەرەبەیانیی دوێنێ هەینی، کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانیی ئاسمانی بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ ئاسمانی عێراقی لە فڕۆکە هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکان چۆڵ کرد و تاوەکو کاتێکی نادیاریش ئاسمانی وڵاتەکەی داخست. 
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "بەهۆی بارگرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران، راگرتنی تەواوی گەشتی ئاسمانی لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق و داخستنی کاتیی ئاسمانی وڵات بەردەوام دەبێت."