عێراق داوا لە ئێران دەکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەنێو وڵاتەکەی نەکاتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق دەڵێت، بەغدا داوای لە تاران کردووە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتەکەی نەکاتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدایە ئیسرائیلی هاوپەیمانی واشنتن و ئێران لە جەنگدان.
حکومەتی عێراق هاوپەیمانێکی نزیکی ئێرانە و هاوبەشێکی ستراتیژیی ئەمریکایشە. ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق هەیە.
بەرپرسە باڵا ئەمنییەکەی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە ترسی ئەوەی نەچێتە نێو ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، داوای لە تاران کردووە هێرش نەکاتە سەر هیچ شوێنێکی خاکەکەی.
بەرپرسەکە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "داواکارییەکە پێشکێش کراوە. ئەوانیش بەڵێنی ئەرێنییان پێداوین".
بەرپرسەکە هەروەها گوتی، تاران لە داواکارییەکەی بەغدا تێگەیشتووە.
پێش گرژییەکانی ئێستا، کە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی بە زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکرد، تاران هەڕەشەی کردبوو کە لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ بەهۆی شکستهێنانی ئەگەریی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتن، هێرش دەکاتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی هێزەکانی ئەمریکایان لێیە لە ناوچەکە.
بە درێژایی جەنگی غەززە، کە لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە دەستیپێکردووە و ئیسرائیلی رووبەڕووی حەماسی گرووپی فەلەستینی کردووەتەوە، گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە تاران دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریای دراوسێی.
پێش دەستپێکردنی زنجیرە هێرشەکان، رۆژی چوارشەممە ئەمریکا رایگەیاند، کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کۆنسووڵخانەکەی لە هەولێر کەم دەکاتەوە.
رۆژی هەینی، چەندین گرووپی نزیک لە ئێران لە عێراق داوایان کرد پرۆسەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە خێراتر بکرێت.