سوودانی و ئەردۆغان پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیانکرد و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەیان تاوتوێکرد.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 14ی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان و سوودانی تاوتوێی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیش کردووەتەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا هاتووە، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیشیان تاوتوێکردوون.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان پێداگرییان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکانیان کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی جەختی لەوەکردووەتەوە کە حکومەتی عێراق بایەخ بە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەدات بە مەبەستی پەرەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکان و رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەکان، بەتایبەتی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، سەرۆککۆماری تورکیاش خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ عێراق دەربڕیوە و پێداگری لە ئامادەباشی کۆمپانیاکانی تورکیا کردووە بۆ کارکردنی بەردەوام بە مەبەستی تەواوکردنی رێگەی گەشەپێدان.