لە موسەننا باندێک بە دوو ملیۆن حەبی کپتاگۆنەوە دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى مادە هۆشبەرەکانى عێراق دەستگیرکردنى باندێکى بازرگانیی بە مادەى هۆشبەرى لە پارێزگاى موسەنا راگەیاند، کە دوو ملیۆن حەبی هۆشبەری کاپتاگۆنیان پێ بووە.
رۆژی 14ى تەممووزى 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى مادە هۆشبەرەکانى عێراق لە راگەێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو باندەى لە موسەننا راگەیاند، کە لە سێ کەس پێکهاتوون و بەڕێوەبەرایەتییەکە بە "بازرگانى نێودەوڵەتى"ـی مادەى هۆشبەر ناوى بردوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەکاتى دەستگیرکردنى ئەندامانى ئەو باندە، دوو ملیۆن حەبى هۆشبەرى کاپتاگۆن-یان پێ گیراوە کە کێشەکەى 220 کیلۆگرام بووە.
ئەندامانى ئەو باندە بەگوێرەى مادەى 27ى یاسای مادەى هۆشبەر و کاریگەرە دەروونییەکان دەستگیرکراون، کە سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدانە.
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەری عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخی بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.