کۆبوونەوەی دادگەی فیدراڵی لەسەر بڕیاری فەرمان سالاری بۆ خەرجکردنی مووچە دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکانی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان دواخست بۆ کۆتایی ئەم مانگە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵای کرد لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکێش کراون.
سکاڵاکان بەجیا لەلایەن پێنج فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون و داوا دەکەن پرسی ناردنی مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکان جیا بکرێتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی.
سکاڵاکاران هەروەها داوای دەرکردنی فەرمانسالارى لە دادگەکە دەکەن بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە ناردنی مووچە، تاوەکو سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "دادگە بڕیاری داوە سکاڵاکان بۆ 28ـی تەممووز دوابخرێن، بە مەبەستی بڕیاردان لەبارەیانەوە."
وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە مانگی ئایارەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، بە پاساوی ئەوەی پشکی لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق تەواو بووە و داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست نەکردووە.