وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی نەجەف دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی رانەگەیەندراو لە عێراقە و سەردانی شاری نەجەف دەکات.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025 بە سەردانێک گەیشتە شاری نەجەف لە باشووری عێراق.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی شاری نەجەف لەلایەن یوسف گەنناوی، پارێزگاری شارەکەوە پێشوازی لێکرا.
میدیای فەرمیی ئێران ئاماژەی بە هۆکار و وردەکارییەکانی سەردانی عەباس عێراقچی بۆ نەجەف نەکردووە، تەنیا باس لەوە کراوە، سەردانەکە لە سەرووبەندی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن (ئەربەعین) بووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران تاوەکو ئێستا لەبارەی سەردانی لەناکاوی عێراقچی بۆ شاری نەجەف هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.
سەردانی عێراقچی بۆ شاری نەجەفی عێراق، دوای سەردانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە دێت.