عێراق داواکراوێک رادەستى کوەیت دەکاتەوە کە ژنێکی سوریایی کوشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

عێراق داواکراوێکى رادەستى وەزارەتى ناوخۆى کوەیت کردەوە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ژنەکەى و لە پارەوە هەڵاتووە بۆ عێراق.
 
پێنجشەممە، 14ى ئابى 2025، وەزارەتى ناوخۆى کوەیت هەواڵى رادەستکردنەوەى ئەو تۆمەتبارەى لە راگەیێنراوێکدا بڵاوکردەوە. تۆمەتبارەکە ناوى حەمەد عائید رێکان موفریحە و وڵاتیمانەى کوەیتى هەیە و لەلایەن پۆلیسى ئینتەرپوولەوە فەرمانى دەستگیرکردنى هەبووە و دەزگا ئەمنییەکانى عێراق دەستگیریان کردووە. 
 
بە گوێرەى وەزارەتى ناوخۆى کوەیت، ئەو کەسە تۆمەتبارە بە کوشتنى ئەنقەستى هاوژینەکەى کە خەڵکى سووریایە. 
 
ئەو هاووڵاتییە کوەیتییە لە 18ى تشرینى یەکەمى پارەوە و لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەبدەلیی وڵاتەکەى بەرەو عێراق بەجێهێشتووە و تەرمی ژنەکە لە ماڵەکەیدا دۆزرابووەوە و دۆسیەکە لەلایەن داواکاری گشتییەوە لە لێکۆڵینەوەدایە.
 
وەزارەتى ناوخۆى کوەیت رایگەیاند، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رەزامەندی لەسەر رادەستکردنەوەی ئەو تۆمەتبارە داوە و رۆژى چوارشەممە 13ى ئاب لە رێگەی دەروازەی سنووریی عەبدەلییەوە رادەست کراوە.