لە بەندیخانەی سەماوە گرژی روویدا

رووداو دیجیتاڵ

لە بەندیخانەی ناوەندیی سەماوە گرژی روویدا. وەزارەتی دادی عێراق دەنگۆی مانگرتنی گشتی لە بەندیخانەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دوو زیندانی وەکو ناڕەزایەتی زیانیان بە خۆیان گەیاندووە و ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە.
 
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاتی پشکنیندا، دەست بەسەر کەرەستەی قەدەخەکراودا گیراوە، لەوانەش بارگاویکەرەوەی مۆبایل. دوای ئەوە، دوو لە سزادراوان کاردانەوەیان نیشانداوە و زیانیان بە جەستەی خۆیان گەیاندووە."
 
ئەحمەد لعێبی رەتیکردەوە مانگرتنی گشتی لە بەندیخانەکە روویدابێت و گوتی، ئەو دوو سزادراوە ئامادە نەبوون نانی بەیانی وەربگرن و دەستبەجێ لەلایەن کارگێڕی بەندیخانەکەوە بانگهێشت کراون.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەشدا، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیان، کێشەکە چارەسەر کراوە: "ئێستا هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و رەوشی ئەمنیی ناو بەندیخانەکە بە تەواوی جێگیرە."
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە زیندانییانی بەندیخانەی ناوەندیی سەماوە مانگرتنی گشتییان راگەیاندووە، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڵسوکەوتی هەندێک لە کارمەندانی بەندیخانەکە.