45 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان سکاڵایەک لەبارەی پرسی نەوت لە دادگەی فیدراڵی تۆمار دەکەن

 

 

رووداو دیجیتاڵ 

45 هاونیشتمانیی کورد لە دادگەی باڵای فیدراڵی عیراق سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ  جێبەجێکردنی ئەو هەموارەی یاسای بودجە کە تایبەتە بە رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و داوای فەرمانسالارییەکیان کردووە بۆ ناچارکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 24ـی ئابی 2025ـی دیاری کردووە بۆ ئەوەی یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەو سکاڵایەوە بکرێت، کە لەسەر هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرانی دارایی و نەوتی فیدراڵ و وەزیری سامانە سرووشتییەکان تۆمار کراوە.
 
بەگوێرەی نێوەڕۆکی سکاڵاکە کە دەست رووداو کەوتووە، داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە سکاڵالێکراوان ناچار بکات کە بەندى (ج) لە مادەی 12ـی یاسای بودجە و هەموارەکەی جێبەجێ بکەن.
 
پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، ئازاد دۆسکی، پارێزەری ئەو سکاڵایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هاونیشتمانییانەی بووم بە پارێزەریان لەو دۆسیەیە، سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستانن".
 
پەرلەمانی عێراق، رۆژی 2ـی شوباتی 2025، یەکەم هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراقی پەسەند کرد. هەموارەکە بەندى (ج) لە بڕگەى یەکەمی مادەی 12ـی یاساکەی هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکی نوێی جێگیر کرد.
 
بە گوێرەی هەموارەکە، بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، تاوەکو لە ماوەی 60 رۆژ لە کارابوونی یاساکەدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنێکی راوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی دیاری بکات. ئەو لایەنە راوێژکارییە ئەرکی ئەوە دەبێت تێچووی خەمڵێنراوی "دادوەرانە"ی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان بەجیا بخەمڵێنێت.
 
لە بڕگەیەکی دیکەی سکاڵاکەدا داوا کراوە دادگە فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ ناچارکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیەی کە پەیوەندیدارە بە دیاریکردنی کۆمپانیا راوێژکارییەکە.
 
ئازاد دۆسکی گوتی: "بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، ماوەی 60 رۆژ دیاری کراوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو کۆمپانیایە رێککەوتن بکرێت لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و دوای ئەوە دەبێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئەو  کۆمپانیا راوێژکارییە دیاری بکرێت".
 
هەمواری یاسای بودجەی گشتی لە 17ـی شوباتی 2025 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە دوای ئەوەی لەو رۆژەدا لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو کرایەوە.