براژنەکەی سەدام حوسێن ئازادکرا
رووداو- مەدا پرێس
دوای چەند هەفتەیەک لە رفاندنی، براژنێکی سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق لە بەغدا ئازادکرا.
وەفا ئیبراهیم، هاوژینی وەتبان ئیبراهیم حوسێن، زڕبرای سەدام حوسێن، لەکاتی بەڕێکردنی تەرمی وەتبان بۆ بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی کەرخ، رۆژی 16ی ئابی 2015 لەلایەن گرووپێکی چەکدار لە ناوچەی غەزالییەی بەغدا رفێنرا.
مەهدی کمیت، یەکێک لە خزمەکانی وەفا ئیبراهیم، هاوژینی وەتبان رایگەیاندووە، كە وەفا شەوی رابردوو ئازادکراوە و گەڕاوەتە لای یەکێک لە خزمەکانی لە شاری بەغدا و تەندروستی باشە.
وەتبان ئیبراهیم تکریتی ساڵی 1952 لەدایکبوو، برای بازران تکریتی و زڕبرای سەدام حوسێن بوو، لەماوەی ساڵانی 1991-1995 وەزیری ناوخۆ بوو، لە 13ی نیسانی 2003 لە ناحیەی رەبیعە لەسەر سنووری عێراق و سووریا دەستگیرکرا. لە 11ی ئازاری 2009 سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە بۆ دەركرا.