کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: 16ى ئەیلوول تیروپشک بۆ ژمارەى هاوپەیمانێتى و بەربژێران دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
16ى ئەیلوولی2023، تیروپشکى ژمارەى بەربژێر، پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکرێت، کە 38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت و زیاتر لە شەش هەزار بەربژێر بەشدارى لەو هەڵبژاردنە دەکەن.
14ى ئەیلوولی 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رۆژى شەممە 16ى ئەیلوول، لە بەغدا بە ئامادەبوونى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان و نوێنەرى بەربژێر، پارت و هاوپەیمانێتییەکان تیروپشکى ژمارەى بەربژێرانى سەربەخۆ و پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق رادەکێشرێت."
لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023، بۆ یەکەمجار لە دواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەکرێت، کە یەکەمجارە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
عیماد جەمیل گوتیشى: "قۆناخى دواى دیاریکردنى ژمارەى بەربژێران، دروستکردنى کارتى دەنگدانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە کە ژمارەى بەربژێر و پارت و هاوپەیمانێتییەکانى لەسەر دەبێت و بەر لە مانگێک لە دەنگدان بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات".
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن، 70 بەربژێرى سەربەخۆ و 5925 بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە.