لیژنەی تەکنیکیی رێگەی گەشەپێدان لە بەغدا کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سبەی دووشەممە، لیژنەی تەکنیکیی رێگەی گەشەپێدان کە لە تورکیا، قەتەر، ئیمارات و عێراق پێکدێ، لە بەغدا کۆدەبێتەوە.
 
مەیسەم سـافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا پەیکەری پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی باس دەکرێن.
 
22ـی نیسانی 2024، نوێنەرانی هەر چوار وڵات لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێداندا لێکتێگەیشتنێکی چوارقۆڵییان واژۆکرد.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکەی سبەی کۆبوونەوەی وەزیرانی گواستنەوەی هەر چوار وڵات نییە، بەڵکو کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکیی پڕۆژەکەیە کە لەنێوان وڵاتاندا پێکهێندراوە.
 
مەیسەم سـافی گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و کاری لیژنە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێ.
 
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، کە بڕیارە تاوەکو ساڵی 2050 تەواو بێ، هێڵێکی شەمەندەفەر و رێگەیەکی وشکانیی خێرایە بۆ گواستنەوەی کاڵا و گەشتیار لە بەندەری فاو لە بەسرەوە بۆ تورکیا.
 
درێژیی هێڵەکە هەزار و 200 کیلۆمەترە و بەنێو 11 پارێزگادا تێدەپەڕێ، تێچووەکەشی بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ.