عێراق 300 ملیۆن دیناری دزراو لە ئوردنەوە دەگەڕێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، لە ئەنجامی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئوردن، رەزامەندی درا لەسەر گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی ئاڵوگۆڕی پشک و بەڵگەنامە داراییەکانی عێراقی سەر بە وەزارەتی دارایی بە "نایاسایی بردوویەتییە ئەو وڵاتە."
 
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "رەزامەندییەکە دوای وەڵامدانەوەی داوایەکی یاسایی دێ کە فەرمانگەی گەڕاندنەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی پێشکێشی حکومەتی ئوردنی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەی بەرپرسە سزادراوە هەڵاتووەکە."
 
بەپێی راگەیێندراوی دەستەکە، "بەرپرسە هەڵاتووەکە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی ناوەندییەوە سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەپێی مادەی 316ـی یاسای سزادانی بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/کەرخ پابەندی کردووە بە گێڕانەوەی بڕی 332 ملیۆن و 176 هەزار و 290 دینار."
 
دەستەی دەستپاکی دەڵێت: "دوای تۆمارکردنی سکاڵا و دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لە دادگەی بەرایی عەممان لە بەرژەوەندیی عێراق، دەسەڵاتدارانی ئوردن رەزامەندییان نیشاندا لەسەر گەڕاندنەوەی پارە دەستبەسەرداگیراوەکان و دەستپێکردنی رێکارەکان بۆ گێڕانەوەی بۆ گەنجینەی دەوڵەتی عێراق."