وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران: هێرشەکەی سەر قەتەر هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئامادەکاریی وەزیرانی دەرەوە بۆ لووتکەی نائاسایی عەرەبی - ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا "رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێکران و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی جێگەی بایەخی هاوبەش و ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییانەی لێیان دەکەوێتەوە، باسکران."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاندووە، "وەزیری دەرەوەی عێراق دەستپێشخەرییەکی بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش خستەڕوو کە وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێران لەخۆبگرێت، ئەمەش لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە ئامانجی بەهێزکردنی دیالۆگ و هاوئاهەنگیی هەرێمی."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، "هەردوو وەزیر ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیەیان کرد کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر وڵاتی قەتەر." هاوڕاش بوون لەسەر ئەوەی، هێرشەکەی سەر قەتەر "هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە."
ئیسرائیل رۆژی سێشەممە 9-9-2025 هێرشی مووشەکیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و رایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی حەماس، لەنێویاندا شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوە فەلەستینییەکەی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدا شاندەکە سەرقاڵی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشنیازێکی ئاگربەست.