کۆمیسیۆن 68 ملیۆن دینار سزای بەربژێران دەدات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 34 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراقی سزا دا، هەر یەکێکیان بە دوو ملیۆن دینار سزا دراون، هۆکارەکەشی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە.
 
سزاکان بەپێی پێنج بڕیاری جیاواز بووە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 دەریکردوون. لەسەر بنەمای پێشێلکردنی دوو مادەی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانى عێراق، تایبەتن بە هەڵواسینی پۆستەری رێگەپێنەدراو و شێوازی بانگەشەکردن کە پێچەوانەی رێکارەکانە.
 
ئەو بەربژێرانە 34 کەسن کە سزای پێبژاردن دراون بە بڕی دوو ملیۆن دینار، لەو بڕە پارەیە دەبڕدرێت بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن وەک بارمتە لێیان وەردەگیرێت.
 
لیستی پارتە سیاسییەکان 10 ملیۆن، هاوپەیمانێتییەکان 25 ملیۆن و بەربژێرەکان 5 ملیۆن دیناریان وەک سپاردە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێوەرگیراوە، سزاکانیان لەو پارەیە گلدەدرێتەوە.
 
پێنج لەو بەربژێرانەی سزادراون سەر بە هاوپەیمانیی عەزمی عێراقن کە موسەننا سامەڕایی سەرۆکایەتى دەکات، پێنجی دیکەیان لە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانن کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات.
 
نزیکەی 8 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێ.