بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق، بەغدا دەکەنە ناوەندی رکابەریی هەڵبژاردن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرێکى، سێ وەزیری حکومەتی عێراقیش سەر لیست و بەربژێرن لە بەغدا، بەشداریی زۆرترین سەرکردەی حکومی و سیاسی لەو پارێزگایە، بانگەشەی هەڵبژاردنی گەرم کردووە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی بۆ پەرلەمانی عێراق کە زۆرترین پشکی هەیە و 71 کورسی پەرلەمان لە بەغدایە." 
 
بەغدا بچووکترین پارێزگای عێراقە، بەڵام زۆرترین دەنگدەرانی تێدایە، چوار ملیۆن و 314 هەزار و 866 دەنگدەر لەو پارێزگایە هەن کە دەکاتە 20%ـی کۆی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی عێراق.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بەغدا سەرلیستی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە"، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، سەرلیستی هاوپەیمانیی سیادەی نیشتمانییە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرلیستی هاوپەیمانیی 'ئەساس'ـە لە بەغدا.
 
سەعد بەتات، سەرۆکی تۆڕی 'عەین' بۆ چاودێریی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بوونی بەشێک لە بەرپرسانی حکومی لە لیستی بەربژێرانی بەغدا بەهۆی کاریگەریی کارە حکومییەکەیانەوەیە لەسەر دەنگدەر و راکێشانیان."
 
نەعیم عەبدوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق سەرلیستی ؛حقوق'ـە لە پارێزگای بەغدا کە سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقە، هەر یەک لە ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لەنێو لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەربژێرن لە بازنەی بەغدا.
 
ڤیان شێخ عەلی، سەرۆکی تۆڕی 'تەمووز' بۆ چاودێریی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دیاریکردنی بەغدا وەکو شوێنی خۆبەربژێرکردنی زۆرترین بەرپرسانی حکومی و حیزبی بەهۆی ئەوەیە شارەکە ناوەندی بڕیاردانە، ئەوە جگە لەوەی کە بەشێک لە بەربژێران پێشتر پەرلەمانتار بوون، شوێنی خۆبەربژێرکردنیان لە پارێزگاکانیانەوە گواستووەتەوە بۆ بەغدا، چونکە لە پارێزگاکانی دیکە دەنگ ناهێننەوە و بەدوای دەنگدەری دیکەدا دەگەڕێن."
 
2297 بەربژێری تاک و پارت و هاوپەیمانییەکان لە بەغدا رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 71 کورسی پشکی پارێزگاکە کە دووانیان کۆتای کریستیان و سابیئەی مەندائینن.
 
لە بازنەی بەغدا نووری مالیکی، سەرلیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، محەممەد حەلبووسی، سەرلیستی هاوپەیمانیی تەقەدوومە، ئەگەرچی هیچ کام لەم دوو کەسایەتییە بە خەڵکی ئەو پارێزگایە نین.
 
سەرۆکی تۆڕی تەممووز بۆ چاودێریی هەڵبژاردن پێشبینی دەکات بەهۆی زۆری بەربژێرانی سەرکردە سیاسی و حکومییەکان لە بەغدا، رکابەریی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە توندتر بێت بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە.
 
یەکەمى تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسەند کرد و دوو رۆژ دواتر بانگەشە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستى پێکرد کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.