سێ بەربژێر بڕوانامەکانیان ساختە دەرچوو؛ دووخرانەوە و دەنگەکانیان دەفەوتێت
رووداو دیجیتاڵ
سێ بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا لە دوای پەسەندکردنی ناوەکانیان دوورخراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی وەک کۆمیسیۆن دەڵێت بڕوانامەکانیان ساختە بووە.
بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە لە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە دەرکراوە.
بەربژێرە دوورخراوەکان سەرجەمیان لە بازنەی بەغدان، زوڕغام حەیدەر، بەربژێر لە لیستی بەدر، حەیدەر عیتابی، بەربژێری لیستی عومەقی نیشتمانى، عەلا سەعدی، بەربژێری پارتی رووادی نیشتمانی، هەرسێکیان دەرکەوتووە بڕوانامەکانیان ساختەبووە .
بەگوێرەی بڕیاری دوورخستنەوەیان، ئەو بەربژێرانە بڕوانامەی سەرەتاییان پێشکەش کردووە لەکاتی خۆبەربژێرکردن، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو بڕوانامانەیان ساختە بووە.
یەکەمى تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسەند کرد و ناویان لەنێو کاخەزی دەنگدانە کە ئێستا لە دەرەوەی عێراق لە چاپکردندایە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری داوە هەر دەنگێک ئەو بەربژێرانە لە هەڵبژاردندا بەدەستی بهێنن بە پووچەڵ هەژمار بکرێت.
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رێگەی داوە کە 20%ی بەربژێرانی هەر لیستێک بڕوانامەی سەرەتاییان هەبێت و ئەوانی دیکە بڕوانامەی باڵاتریان پێویستە.
نزیکەی 8 هەزار بەربژێر رکابەریی دەکەن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام بدرێت.