کۆمیسیۆن بەڵیننامە بەو بەربژێرانە پڕدەکاتەوە دوای دوورخستنەوەیان گەڕێندراونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری دا بەڵێننامە بەو بەربژێرانە پڕبکاتەوە، کە دوای دوورخستنەوەیان گەڕێندراونەتەوە، تاوەکو سکاڵا تۆمار نەکەن لەسەر نەبوونی ناویان لە پەڕاو و پۆستەری نێو ناوەندەکانی دەنگدان.
 
ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاو کراوەتەوە.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە، "ناوی ئەو بەربژێرانە لە پەڕاو و پۆستەری نێو بنکەکانی دەنگدان بهێڵرێتەوە کە لە دوای پەسندکردنی ناوی بەربژێران دوور خراونەتەوە، بەهۆی ئەگەری گەڕانەوەیان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران یان دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن."
 
1ى تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند کرد، نزیکەی 8000 بەربژێرن، بەڵام هەندێکیان بەهۆی بوونی سکاڵا لەسەریان دوورخراونەتەوە و مافی تانەدانیان هەیە لە بڕیاری دوورخستنەوەیان.
 
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی سێشەممە 14-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناوی بەربژێران لە پەڕاو و پۆستەری تایبەت لە بنکەکانی دەنگدان هەڵدەواسرێت، بۆئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ دەنگدەران، بەڵام هەندێک لە بەربژێران ناویان تێدا نییە بەهۆی ئەوەی بەر لە چاپکردنی ئەو پەڕاو و پۆستەرانە دوورخراونەتەوە و دواتر گەڕێندراونەتەوە."
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، ئەو بەربژێرانەی بەر لە پەسەندکردنی ناوی بەربژێران دوورخرابوونەوە و دوای ئەوە گەڕێنراونەتەوە، دەبێت بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکەن بەوەی کە تانە لە نەبوونی ناویان نەکەن لە پەڕاو و پۆستەرەکانی ناوەندەکانی دەنگدان.
 
حەسەن زایر رایگەیاند، "دەبێت ئەو بەربژێرانەی دوای دوورخستنەوەیان گەڕێنراونەتەوە، سەردانی کۆمیسیۆن بکەن بۆ ئەوەی ئەو بەڵێننامەیە واژۆ بکەن تاوەکو تانە لەوە نەدەن بۆچی ناویان لەو لیستانە نییە؟"
 
نزیکەی 8000 بەربژێر رکابەریی دەکەن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 11ی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ ئەنجامبدرێت.