پزیشکیان پیرۆزبایی "سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان" لە سوودانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی "سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان"ی لە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پزیشکیان بەهۆی "سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان" و یەکەمبوونی هاوپەیمانییەکەی، پیرۆزبایی لە سوودانی کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆککۆماری ئێران "پیرۆزبایی گەرمی" لە حکومەت و گەلی عێراقیش کرد و ئەنجامی هەڵبژاردنی بە "دەربڕینی راستەقینەی ویستی گەلی عێراق" ناوبرد.
پزیشکیان پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی کرد کە هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی سوودانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە بەدەستیهێناوە، کە لە ئەنجامە بەراییەکاندا لەسەر ئاستی عێراق بە بەدەستهێنانی 46 کورسی لە کۆی 329 کورسی لەپێشەوەیە. پزیشکیان هیوای خواست "گەلی عێراق لە رێڕەوی دیموکراسیدا پێشبکەوێ و گەشەسەندنێکی گشتگیر بەدەستبهێنێت."
رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا 56%ی تێپەڕاند، کە لە خولی پێشووی هەڵبژاردن لە ساڵی 2021 بەرزتر بوو. هاوپەیمانییەکەی سوودانی کە ئەو کات دوو کورسی بەدەستهێنابوو، ئەم جارە 12.22%ی دەنگەکانی مسۆگەر کرد.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، سوودانی رایگەیاند، هاوپەیمانییەکەی "بەڕووی هەموو هێزە سیاسییەکاندا" کراوەیە، بەو لایەنانەشەوە کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبوو، بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە بتوانێ "خواستی عێراقییەکان جێبەجێ بکات."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرکردە باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کرد و "جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق و ئێران بکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکات."
پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران فرەبوارن و تاران هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک هاوبەشێکی سەرەکیی بەغدا لەژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا بپارێزێت.