خەزعەلی: کەرکووک عێراقییە، نوقتە سەری دێڕ
رووداو دیجیتاڵ
قەیس خەزعەلی لە کەرکووک پەیامێک ئاراستەی کورد دەکات و داوا دەکات پەیوەست بن بە "یەکێتیی خاکی عێراق". دەشڵێت "کەرکووک عێراقییە. نوقتە سەری دێڕ، هەر بە عێراقیش دەمێنێتەوە". پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەڵامی قسەکانی خەزعەلی دەداتەوە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، سەردانی کەرکووکی کرد و لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوتارێکی پێشکێشکرد، لە بەشێکیدا پەیامێکی ئاراستەی کورد کرد و رایگەیاند، "ئەم بانگەوازە ئاراستەی خەڵکی خۆمان و پێکهاتەی کورد دەکەین، پەیوەست بن یەکێتیی عێراق، پەیوەست بن بە پارێزگاکەتانەوە، پارێزگای کەرکووک دووربێت لە حیساباتی حیزبی تاوەکو هەمووان لە خێر و بێرەکەی بخۆن و لە سەقامگیریی دابن."
لەبارەی ناسنامەی کەرکووک، قەیس خەزعەلی گوتی، "هەموومان ئەو گوتارانەمان لە یادە کە لە مێژووی کەرکووکدا گوزەریان کردووە، هەندێک گوتیان کەرکووک کوردستانییە، هەندێک گوتیان کەرکووک تورکمانییە، هەندێک گوتیان کەرکووک عەرەبستانییە یان عەرەبییە، بەڵام ئێمە گوتمان و دووبارەی دەکەینەوە کەرکووک عێراقییە نوقتە سەری دێر. پێشتر ئەو قسانەمان کردووە و ئێستاش لە خاکی کەرکووکەوە دووبارەی دەکەینەوە کە کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە، هەر بە عێراقی دەمێنێتەوە."
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک خەڵک و کۆمەڵگەی کەرکووک بە عەرەب، کورد، تورکمان ، مەسیحی، بۆیان دەرکەوت کە بەرژەوەندیان لەوەدایە دڵسۆزیان بۆ پارێزگاکە هەبێت بەبێ حیساباتی سیاسی و حیزبی کە دەیەوێت پارێزگاکە بۆی پەلکێش بکات، خێر و بێری کەرکووک بەشی هەموو خەڵکی کەرکووک دەکات، خێر و بێریشی بۆ هەموو عێراقە."
مەكتەبی رێكخستنی پارێزگای كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی قسەكانی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق دایەوە و رایگەیاند، "قسەكانی ئەمڕۆی قەیس خەز عەلی ئەمینداری عەسایبی ئەهلی حەق لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك هەڵگری تەحریفی مێژوو و راستییەکان بوو. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەو دۆخەی كە بەسەر عێراق و كەركووك و هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و تاییفەگەریی دەستەڵاتدارانی عێراقی بووە لە ساڵانی ڕابردوودا."
مهكتهبی رێكخستنی كهركووك - گهرمیانی پارتی دەشڵێت، "بە خەزعەلی دەڵێین ئێوە لەسەرشانی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان دەستتان لە دەسەڵات گیر بوو، هەرێمی كوردستان فەزڵی بەسەر هەمووتانەوە هەیە كە ئێستا لە دەستەڵاتدان. بە قسەكانی ئێوە مێژوو چەواشە ناكرێت و هیچ كەسێك لەهەر پێگە و مەقامێكدا بێت ناتوانێت مێژووی خەبات و قوربانیدانی كوردستان بۆ رزگاریی عێراق بسڕێتەوە."
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک 16 کورسییە کە چواریان کۆتاى ژنن، 254 کەس بەربژێرن، 10 هاوپەیمانێتى و پێنج پارت رکابەرى دەکەن، پێنج بەربژێر بۆ کۆتاى کریستیان.
لایەنە کوردستانییەکان بە پێنج لیست بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن کە بریتین لە لیستى کەرکووک هێز و ئیدارەمانە (یەکێتى و شیوعی)، 30 بەربژێرى هەیە، لیستی پارتى دیموکراتى کوردستان 30 بەربژێرى هەیە، هاوپەیمانیى مەشخەڵى کەرکووک کە یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و کۆمەڵى دادگەرى کوردستان پێکیانهێناوە، چوار بەربژێری هەیە، لیستى نەوەى نوێ، پێنج بەربژێری هەیە، حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان پێنج بەربژێرى هەیە.